Skip to the content
Menu

لیژنەی شارەوانی پێشنیازی یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر کراوە لە سنووری شارەوانییەکان تاووتوێ ده‌كات

سه‌عات ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌مه‌ ٨/٧/٢٠١٩، لیژنەی شارەوانی و گۆاستنەوەو گەیاندن و گەشتوگۆزارو ئاوەدانکردنەوەو وه‌بەرھێنان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان بەسەرپه‌رشتیی ھاوڕێ مەلا ستار سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەکە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو ڕاپورتانە کرا کەلەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنەکە كرابوون كه‌ تایبەت بوون بە وەڵامدانەوەی ئەو نوسراو و سکاڵایانەى لەلایەن ھاووڵاتییانەوە ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون هه‌روه‌ها ئه‌و داواكارى و سكاڵایانه‌ش تاووتوێ كران كه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتییان و نوسینگەکانی پەرلەمان لە شارەکانی کوردستان به‌ده‌ست لیژنه‌كه‌ گه‌یشتبوون.
گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیازی یاسای بە خاوەنکردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر کراوە لە سنووری شارەوانییەکان لە ھەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکە بوو کە لە دانیشتنی ژمارە ١٠ی ڕۆژی شەممە ٦/٧/٢٠١٩ ، خوێندنه‌وه‌ی یەکەمى بۆ کراو ئاراسته‌ی لیژنه‌ى شاره‌وانی كرا بۆئەوەی سەرنج و تێبینیی خۆیان لەسەر پرۆژەکه‌ بخەنەڕوو، دوای گفتوگۆ بریاریادرا ئه‌ندامانى لیژنه‌ بەنوسراو پێشنیاز و تێبینیی خویان لەسەر کۆیی پڕۆژەکە پێشكه‌ش به‌ ده‌سته‌ی سەرۆکایەتیی لیژنەكه‌ بكه‌ن.