Skip to the content
Menu

لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە لە دۆخی ژینگەیی دوکان و چەمچەماڵ و ناحیەی بازیان دەکۆڵێتەوە

بەمەبەستی بەدواداچوون و وەرگرتنی زانیاری لەسەر دۆخی ژینگەیی ناوچەکە، ڕۆژى سێشەممە ٢٣/٧/٢٠١٩ شاندێکی لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بەسەرۆکایەتیی شایان کاکە ساڵح جێگری سەرۆکی لیژنەو یاوەریی بڕیاردەرو بەشێک لەئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، سه‌ردانی دوکان و چەمچەماڵ و ناحیەی بازیانى كرد.
سەرەتا شانده‌كه‌ سەردانی قایمقامییەتی قەزای دوکانی کرد و لەلایەن قایمقام و بەڕێوبەری فەرمانگەکانەوە پێشوازیی لێکراو له‌دیدارێكدا قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌كان كێشه‌و کەموکوڕییەکانیان بۆ ئەندامانی شانده‌كه‌ى پەرلەمان خستەڕوو، بەتایبەت لە بواری ژینگەیى و تەندروستیدا، هه‌روه‌ها ئاماژەیان بەوەکرد کەبەھۆی ئەوەی ناوچەکە گەشتیارییەو ڕێگایەکی سەرەکییە پێویستیی بە خزمەتکردنى زیاترە.

لەبەرامبەردا شانده‌كه‌ى پەرلەمان کۆمەڵێک پرسیارو تێبینییان سەبارەت به‌ کوالێتیی ئاوی خواردنەوەی دوکان و ناحیەکانی سەربە قەزاکە خستەڕوو، لەوەڵامدا قایمقامی دوکان ئاماژەی بەوە کرد کەئاوەکە بۆ خواردنەوە دەشێ بەڵام بێ کەموکوڕیش نییە.
دواتر شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان به‌نداوى دوکان و شوێنی لەناوبردنی زبڵ و خاشاکی ناوچه‌كه‌یان بەسەر کرده‌وەو تێبینی و سەرنجەکانی خۆیان یاداشت کرد.

ھەر هه‌مان رۆژ شاندەکە سەردانی ناحیەی بازیانی کردو لەگەڵ بەڕێوه‌بەری ناحیەکە کۆبووه‌وەو له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تیشک خرایه‌سەر کێشەکانی ناحیەکەو له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ی بازبان ڕایگەیاند: "بەھۆی زۆریی کارگەکان ژینگەی ناحیەکە تەواو تێکچووەو گاریگەریی ڕاستەوخۆی کردۆتە سەر تەندروستیی ھاووڵاتییان"، داواشی کرد سنوورێک بۆ دامەزراندنی ئەم ھەموو کارگەیە دابنرێت و ئەوانەی مەرجی تەندروستییان تێدا نییە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، ھەروەھا کۆمەڵێک کێشەی تریان لەسەر کەمیی نەخۆشخانەو پزیشکی پسپۆڕ خستەڕوو.

لەبەرامبەردا شاندى پەرلەمانى كوردستان بەڵێنیاندا کەسەرجەم داواکارییه‌نیان بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدارو ھەرچی لەتوانایاندایه‌ بیکەن بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و گونجاو بۆ ھاونیشتمانیان و بۆ دڵنیابوونی زیاترو لەنزیکەوه‌ ئاگاداربوونیش سەردانی چەند کارگەیەکیان کردو سەرنج و تێبینییەکانیان لای خۆیان تۆماركرد.
ھەر ھەمان ڕۆژ شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان چاوی کەوت بەقایمقامی چەمچەماڵ و دۆخی ژینگەیی شارۆچكه‌كه‌ قه‌سه‌و باسی له‌سه‌ر كرا کە لەئاستێکی باشدایە، ھاوکات ئاماژە بەوە درا کە شارۆچكه‌ی چەمچاڵ پێویستیی بە خزمەتی زیاتر ھەیە.
شاندی پەرلەمان کۆمەڵێک پرسیارو تێبینیان خستەڕوو و قایمقامیش وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە، دواتر لیژنە ویستی بچێتە کارگەی غازی تورکە بکەن بۆ بینینی شێوازی فلتەرکردن و مەرجی سەلامەتیی ژینگەیی لەکارگەکە بەڵام لەلایه‌ن پاسەوان و ھێزە ئەمنییەکانی کارگەكه‌ بەبیانووی نەبوونی فەرمانی سەرووی خۆیان ڕێگرییان کرد لە شاندەکە و ڕێگەی چونە ژووەرەوەیان پێنەدان.
دوا وێستگەی سەردانەکە بەسەرکردنەوەی ئاوی تانجەڕۆ بوو کە دەکەوێتە سەر ڕێگه‌ی سلێمانی عەربەت و دیمەنێکی ناشرینی داوە بەناوچەکەو زیانی زۆری بەژینگەی ناوچەکە گەیاندووه‌.
لیژنە دەرەنجامی ١٢ سه‌عات کارکردن و کۆبوونەوە و بەدواداچوون و سەردانی مەیدانی لە ڕاپۆرتێکی تێروپڕدا زانیاریی ته‌واو سه‌باره‌ت به‌سه‌ردانه‌كه‌یان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات بۆئەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە.