Skip to the content
Menu

په‌رله‌مان به‌دواداچوون بۆ شێوازی ھێنانی دەرمان و چۆنیه‌تیی کۆگاکردن و نرخی ده‌كات

ئەمڕۆ سێشەممە 2/7/2019، لیژنەی دەرمان کە لیژنەیەکی لاوەکیی پێكهاتووى لیژنەی تەندروستییە له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، بەسەرپه‌رشتیی زانا مەلا خالید، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئامادەبوونی ئەندامان و ڕاوێژکاری لیژنەكه‌ لەگەڵ نوێنەری بەشێک لە کۆمپانیاکانی دەرمان و کەلوپەلی دەرمان لەھەولێر کۆبووه‌وه‌.
کۆبوونەوەکە لەسەر داوای لیژنەی دەرمان بوو بەمەبەستی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون و بەدواداچوون له‌سه‌ر پرسەکانی تایبەت بەدەرمان لەھەرێمی کوردستانداو تیایدا نوێنەری کۆمپانیاکان کێشەو گرفتەکانیان خستەڕوو .
دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆك و ئەندامانی لیژنەكه‌وه‌ داوا له‌ کۆمپانیاکان کرا كه‌ ڕوونکردنەوە لەسەر شێوازی ھێنانی دەرمان و نرخی دەرمان و چۆنیه‌تیی کۆگاکردن و ھەڵگرتنی دەرما ن بدەن و ھەر یەکە لە کۆمپانیاکان شیوازەکانی کارکردنی خستەڕوو.
ئەم کۆبوونەوانە لەگەڵ کۆمپانیاکانی دھۆک و سلێمانی بەردەوام دەبێت و زانیارییەکان و کێشە و کەموکوڕییەکان کۆ دەکرێتەوەو دواتر لە گەڵ وەزارەتی تەندروستی و لایەنی پەیوەندیدار کۆدەبنەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ کێشەکان بۆئەوەی بتوانرێت کەرتی تەندروستی بەگشتی و بواری دەرمان بەتایبەتی باشتر بکرێت.