Skip to the content
Menu

پەرلەمانی کوردستان تاووتوێی کێشەکانی دەرمان دەکات

بەمەبەستی تاووتوێکردنی کێشەو گرفتەکانی دەرمان لەهەرێمی کوردستان و نووسینەوەی پڕۆژەیاسایەک بۆ هەموارکردنی یاسای ژمارە ٤٠ی ساڵی ١٩٧٠، سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٣١/٧/٢٠١٩، لیژنەی لاوەکیی دەرمان کە سەر بە لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی کوردستانە بەسەرۆكایه‌تیی زانا مەلا خالید و ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامان و راوێژکارانی لیژنەکە پێشوازییان لە سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان و سەرۆکی سەرجەم لقەکانی سەندیکاکە لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە هۆڵی لیژنەی كاروبارى تەندروستی و ژینگە بەڕێوەچوو کۆمەڵێک کێشە و گرفت و پێشنیاز لەبارەی پرسی دەرمان تاووتوێکران، لەوانە دامەزراندنی بەرێوەبەرایەتییەکی گشتیی تایبەت بەدەرمان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و چاوخشاندنەوە بە لیژنەکانی پشکنین و خەڵکی تایبەتمەند بە بواری دەرمان ئەو ئەرکە لەئەستۆ بگرێت و دیاریکردن و دانانی نرخی دەرمان و سەربەخۆکردنی دەزگای کوالیتی کۆنترۆڵی دەرمان و ئەوانەشی لەو دەزگایە کاردەکه‌ن نابێت خاوەنی کۆمپانیای دەرمان بن و هەوڵبدرێت دەستی کۆمەڵێک بەرپرس لە بواری کۆنترۆڵکردنی بازرگانیی دەرمان دەربهێنرێت و پزیشکەکان لەسەر ناوی زانستی دەرمان بدەن بە نه‌خۆش نەک ناوی بازرگانی دەرمانەکان و دەستەی دەستپاکی رۆڵی خۆی بگێرێت لەو کەیسانەی کە لەسەر دەرمان لەبەر دەستیانە و مەسەلەی کۆگاکانی دەرمان و گواستنەوە و پاراستنیان و فرۆشتنی دەرمان لە رێگەی ئۆنڵاینەوە بەشێکی تری تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بوون.
پاشان هەر یەکە لە ئەندامانی لیژنەی لاوەکیی دەرمان کە سەر بە لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی کوردستانە راو پرسیار و پێشنیازەکانیان خستەڕوو و بڕیاردرا هه‌ردوولا به‌هه‌مهاهه‌نگی و ڕاوێژكردن پرۆژه‌یاسای هه‌مواری یاسای ده‌ستدانه‌ پیشه‌ی ده‌رمانسازی له‌ زووترن كات ئاماده‌ بكه‌ن بۆ ڕێكخستنی ئه‌م پرسه‌ له‌ڕووی یاسایی کە هەوڵێک دەبێت بۆ چارەسەرکردن و رێكخستنی کەرتی دەرمان لەهەرێمی کوردستان.