Skip to the content
Menu

لیژنەی تەندروستی لەگەڵ سەندیکای پزیشکان چەند پرسێک تاووتوێ دەکات

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦/٦/٢٠١٩، لیژنەی كاروبارى تەندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر لە په‌رله‌مانی كوردستان بەسەرپه‌رشتیی د.سه‌باح مه‌حمود، سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، لەگەڵ شاندێكی سەندیکای پزیشکانی کوردستان بەسەرۆکایەتی د.باساک بەرزنجی، سەرۆکی سەندیکای پزیشکان کۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سەرۆکی سەندیکای پزیشکان سوپاسی لیژنەكه‌ی کرد بۆ میوانداریكردنیان و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن، دواتر ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ھەماھەنگیی تەواو لەنیوان سەندیکاى پزیشكان و لیژنەى كاروبارى ته‌ندروستیى په‌رله‌ماندا ھەبێت بۆ ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەک بۆ ھەمواری یاسای تەندروستی کە لەئێستادا پێویستیی بەگۆڕانکاری ھەیە، ھەروەھا یاسای مافی نەخۆشیش ئالوگۆڕیی تێدا بکرێت و ھەموار بکرێتەوە به‌جۆرێك کە لەبەرژەوندیی نەخۆش بێت.
دواتر سەرۆک و ئەندامانی لیژنەى كاروبارى ته‌ندروستیی په‌رله‌مان سەرنج و تێبینییەکانى خۆیان خستەڕوو و ئامادەیی خۆشیان ده‌ربڕی بۆ ھەماھەنگیی ته‌واو لەگەڵ سەندیکاى پزیشكان بۆ ئامادەکردن و دەوڵەمەندکردنی ھەمواری ئەو یاسایانەی کە پەیوەندییان بە کەرتی تەندروستییەوە ھەیه‌.


بەشی دووەمی کۆبوونەوەکە ته‌رخانكرا بۆ خوێندنه‌وه‌ى ئەو نووسراو و یاداشتانەی كه‌ ئاراستەی لیژنەكه‌ کرابوون و بڕیاری پێویستییان له‌باره‌وه‌ درا.
ھەروەھا گفتوگۆکرا لەسەر پڕۆژەھەمواری مافی نەخۆش و ھێزکاری تەندروستی و ماده‌و بڕگەکان خرانەڕوو.