Skip to the content
Menu

لیژنەی پەروەردە بانگھێشتی بەڕێوبەری گشتیی ئەزموونەکان لەوەزارەتی پەروەردە دەکات

نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٣/٦/٢٠١٩ ، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، بەسەرپەرشتیی عبدالسلام دۆڵەمەڕی، سەرۆکى لیژنه‌ و ئامادەبوونی بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان میوانداریی مامۆستا که‌ریم لەتیف، بەڕێوبەری گشتیی ئەزموونەکان لەوەزارەتی پەروەردە کرد.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەكه‌ بریتی بوو لە گلەیی و ناڕەزایی قوتابییانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی کە ھەڵە لە پرسیاره‌كانى تاقیکردنەوەکانیاندا ھەبووە و ئەندامانی لیژنەی پەروەردە گله‌یى و ناڕه‌زایى قوتابییانیان گه‌یانده‌ بەڕێوبەری گشتیی ئەزموونەکان و چه‌ندین پرسیارو سه‌رنج و تێبینییان له‌وباره‌یه‌وه‌ خسته‌ڕوو.
لەبەرامبەردا بەڕێوبەری گشتیی ئەزموونەکان وەڵامی پرسیارەکانی ئەندامانی لیژنەی دایەوەو ئاماژەی بەوە کرد کە ڕاستە ھەڵەو تێبینی ھەیە لەسه‌ر پرسیارەکان و بەبڕیاری وەزارەت قەرەبووی قوتابییان دەکرێتەوەو زەرەرمەند نابن.
دواتر سەرۆکی لیژنە ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە قەرەبووکردنەوەکە جێگیر بکرێت و ھەروەھا پێویستە ئەو کەس و لایەنانەی کە ھۆکاری ئەو ھەڵانەن سزا بدرێن و ڕێکاری یاساییان لە دژ بگیرێتەبەر و تەئکیدی کردەوە کە لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ پرسەکە به‌مه‌به‌ستی دڵنیابوون لە قەرەبووکردنەوەی قوتابییان.