Skip to the content
Menu

لیژنەی پەروەردە بەدواداچوون بۆ سکاڵای قوتابییانی پۆلى ١٢ی ئامادەیی دەکات

ئەمڕۆ یەکشەمە ٣٠/٦/٢٠١٩، لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، بەسەرپه‌رشتیی عه‌بدولسه‌لام دۆڵەمەڕی، سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداو چه‌ند پرسێکی تاووتوێ کرد.
سەرەتا ئەو یاداشت و داواکاری و سکاڵاو نووسراوانەی ئاراستەی لیژنە کرابوون خوێندرانەوەو کاری پێویستیان لەسەر کراو ئاراستەی شوێنی پەیوەندیدارکران بەمەبەستی وەڵامدانەوە.
ھەر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنەیەکی لاوەکی پێکھێندرا بۆ سەردانیکردنی وەزارەتی پەروەرده‌و بەڕێوبەرایه‌تیی گشیتی ئەزموونەکان لە ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو سکاڵایانەی کە ئاراستەی ئەندامانی لیژنەو لیژنەكه‌ کراون لەسەر کێشە و کەموکوڕییەکان لە پرسیارەکانی کۆتایی ساڵی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لەھەرێمی کوردستان، کە زۆربەی سکاڵاکان لەسەر ھەڵە گەڕانەوەی نمرەێە کە قوتابییان پێیان وایە نمرەی کەمیان بۆ دانراوە.
بڕیارە لیژنە لاوەکییەکە ڕۆژی چوارشەممەى داهاتوو بەدواداچوون بکات و لە ڕاپۆرتێکدا سەرۆکایەتیی لیژنەكه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كه‌ى ئاگادار بکاته‌وه‌.