Skip to the content
Menu

وۆرکشۆپێک بۆ کاری پەرلەمانی رێکخرا

سەعات ٩:٣٠ى سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 16/6/2019، پەیمانگەی دیموکراسی نیشتیمانی (ئێن دی ئای)، بەهەماهەنگیی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان، وۆڕکشۆپێكى له‌ ژێر ناوونیشانى (بنەماکانی هەڵسوکەوتی پەرلەمانی ) بۆ سەرۆکایەتیی لیژنە و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان سازکرد.
سەرەتا فوئاد ئەحمەد، بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانى كوردستان، لەدەستپێکی وۆرکشۆپەکەدا وێڕای بەخێرهێنانی پەرلەمانتاران و ئاماده‌بووان، گرنگیی چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی پەرلەمانتارانی خستەڕوو لە پێکەوەکارکردن و ئەو گرفتانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە لەکاتی کارکردنیان لەکاری پەرلەمانتاریدا.
پاشان وەک ڕۆژی یەکەمی وۆڕکشۆپەکە لەلایەن جۆناس سێکیولیس، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی پەیمانگەی دیموکراسیی نیشتیمانی لە ئوردن کە شارەزایی ١٩ ساڵی لە بواری بەهێزکردن و گەشەپێدانی دامەزراوەی پەرلەمانی هەیە، بنەما سەرەکییەکان و چەمکەکانی بنەمای هەڵسوکەوتی پەرلەمانی و چەمکەکانی ئیتیکی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتیی لیژنەکانی پەرلەمان خستەڕوو.
له‌كۆتایی وۆركشۆپه‌كه‌شدا پەرلەمانتارانی ئامادەبوو کۆمەلێک پرسیارو سەرنج خرانه‌ڕوو و بریار وایە سبەی لە رۆژی دووەمی وۆرکشۆپەکەدا باس لە چۆنیەتیی رێکخستنی پرۆسەی داڕشتنی بنەماکانی هەڵسوکەوتی پەرلەمانی بکرێت.