Skip to the content
Menu

لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی ڕەشنووسی سەرەتایی یاسای ڕەوەندی کوردستانی ئامادە دەکات

پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ چوارشه‌مه‌ ٢٩/٥/٢٠١٩، لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوه‌ندی کوردستانی لە په‌رله‌مانى كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیى د.رێبوار بابكه‌یى، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌، لەھولی لیژنە له‌ تەلاری پەرلەمان، کوبوونەوەی ئاسایی خۆیی ئەنجامدا.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەكه‌ لەسەر ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای ڕەوەندی کوردستانی بوو کە لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوو لیژنەیەکی لاوەکی دروستکرا بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕەشنووسی یاسایەو لەئێستادا ئامادە کراوە.
ئامانج لە ئامادەکردنی ئەم ڕەشنووسی پڕۆژەیە ئاشنابوونە بە ماف و پابەندییەکانی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان کە لە وڵاتە جیاجیاکانی جیھان نیشتەجێن.
بەمەبەستی دەوڵەمەندکردنی ڕەشنووسەکە لیژنەی لاوەکیی پەیوەست بەکارە لۆجیستی و ھونەرییەکان ڕاسپێردراوە بۆ دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ سازکردنی وۆركشۆپ و کۆنفڕانس و لەداھاتوودا لیژنە لەڕێگەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی ھەرێم لە وڵاتانی دەرەوە سەردانیان بکات و لەنزیکەوە کێشە و داواکارییەکانی ڕەوەندی کوردی گوێبیست ببن و ڕەشنووسەکەی پێ دەوڵەمەند بکەن.
لەکۆتاییدا لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆکی لیژنە بەدەزگاکانی ڕاگەیاندنی راگه‌یاند: "کە ئەم ڕەشنووسی پڕِۆژەیە ئامادەیەو دوای ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار وەک پڕۆژە یاسا پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی دەکەن".