Skip to the content
Menu

جێگری سەرۆکی پەرلەمان پێشوازی لە شاندێکی پەیمانگەی یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ دەکات

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٧/١١/٢٠١٩ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە تەلاری پەرلەمان پێشوازی لە شاندێکی پەیمانگەی یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ کرد.

شاندەکەی پەیمانگەی یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ بەسەرۆکایەتی ولیەم سپێنسەر بەرێوەبەری پەیمانگەکە ، خۆشحاڵی خۆیان بەو پێشوازییە دەربڕی و رایانگەیاند ئەوان پێشنیاز دەکەن هاوکاری پەرلەمانی کوردستان بکەن لە رووی راوێژی یاسایی و مەشقپێکردنی ئەندامان لەکاری پەرلەمانییدا .

لەلایەن خۆیەوە هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لە سروشتی کارکردنی پەرلەمانی کوردستان کرد کە لە ئێستادا بە پێێ پەیرەوی هەموارکراوی ناوخۆی پەرلەمان لێژنەکان لە ١٥ لیژنەوە زیادکراون بۆ ١٩ لێژنە ، پاشان باسی لە ئەولەویەتی ئەو یاسایانەکرد کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی چاکسازی لە سەرجەم سێکتەرەکاندا ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت کە دەتوانن لەم رووەوە هاوکاری پەرلەمانی کوردستان بن و لەرووی رێکخستنی ئیدارەی و دانانی داتابەیس بۆ ئیدارەی پەرلەمانی کوردستان ڕۆڵیان هەبێت، لە تەوەرێکیتردا جێگری سەرۆکی پەرلەمان باسی لە دۆخی ئێستای عێراق کرد و نیگەرانی هەرێمی کوردستانی خستەروو بە دروستبوونی ئەو دۆخەی کە هەیە، لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقیش رایگەیاند بۆ هەر هەموارێک لە دەستوور، دەبێت مافە یاسایی و ئیداریی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و قەوارە فیدراڵیەکەی پارێزراو بێت.

شایانی باسە پەیمانگەی یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ رێکخراوێکی ئەمریکییە و لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە وەکو راوێژکاری ئەنجوومەنی نیشتیمانی عێراقی فیدراڵ کاردەکەن و هاوکاری نووسینەوەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵیشیان کردووە .