Skip to the content
Menu

لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هێمن هەورامی بەشداری لە دیداری ساڵانەی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کرد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٦/١١/٢٠١٩ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمی دامەزراوەی کۆربەر و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا  بەشداری لە دیداری ساڵانەی سیاسەتی دەرەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا کرد.

لەو دیدارە کە وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و نەرویج و نوێنەرانی ژمارەیەک لە وڵاتان و پەرلەمانەکانیان و باڵوێز و پسپۆرانی سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییەکانی دەرەوە تیێدا بەشدار بوون، ئێوارەی ڕۆژی ٢٥/١١/٢٠١٩ ‌لە پەراوێزی دیدارەکەدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەشداری لە ئێوارە خوانێکدا کرد کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ شاندەکانی وڵاتان سازکرابوو، هاوکات لەگەڵ ژمارەیەک باڵوێز ودیپلۆماتانی وڵاتان و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆمەڵێک دیداریان ئەنجامدا و بە گشتی باسیان لە سیاسەت و دۆخی ئێستای ناوچەکە و هەرێمی کوردستان کرد و پەیوەندییەکانی ئێستای لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا خستەروو کە لە ئێستا دا هەنگاوی باشیان بڕیوە و لە ڕێکەوتنی کۆتایی نزیکبوونەتەوە، لە تەوەرێکیتردا باسی لەو ئاوارانە کرد کە وەکو پەناگەیەکی ئارام ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە ،بەڵام بارگرانی داراییان بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکردووە پێویستی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاریکردنیان لەلایەن  وڵاتانی دەرەوە نیشاندا ، هەر لە دیدارەکاندا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە وردی باسی لە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش کرد کە لە ئێستادا مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر ناوچەکە و تەواوی جیهان و چۆنیەتی رێگری کردن لە تەشەنەکردنیان خستەروو.