Skip to the content
Menu

وۆڕکشۆپێک لەبارەی پرۆسەی یاسادانان بەرێوەچوو

بەمەبەستی زیاد کردنی زانیارییەکانی پەرلەمانتاران و راوێژکاران لە بنەما نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ، و باشترکردنی میکانیزمی راپۆرتدان لە نێوان دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ و لێژنەکانی پەرلەمان ، و سەرچاوە و پێکهاتەکانی پرۆسەی یاسا دانان ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٢/١١/٢٠١٩ بە ئامادەبوونی منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان و ولیام کۆسجین کۆنسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان ، بە هەماهەنگی لە نێوان سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان و رێکخراوی هارتڵاند وۆڕكشۆپێک بۆ لێژنەی یاسایی و لێژنەی مافی مرۆڤ و ڕاوێژکارانی یاسایی  لە پەرلەمانی کوردستان بەرێوەچوو.

لەلایەن خۆیەوە منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی میوانان گرنگی ئەو جۆرە چالاکی و وۆڕکشۆپانەی لە کاری یاسادانان خستەروو و ڕایگەیاند پێویستە یاساکان لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بێت و پرەنسیپەکانیی بپارێزرێت ، هیوای خواست ئەم جۆرە وۆڕکشۆپانە بەردەوام بێت بۆ خزمەتکردنی پرۆسەی یاسادانان لە پەرلەمانی کوردستان، هاوکات دەست خۆشی لە سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان و ڕێکخراوی هارتڵاند کرد بۆ ڕێکخستنی ئەو وۆڕکشۆپە.

پاشان ولیام کۆسجین کۆنسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، کورتە باسێکی لەسەر وڵاتی هۆڵەندا و گرنگی یاسا و پاراستنی مافەکانی مرۆڤی لەو وڵاتە خستەروو ، رایگەیاند "هەرچەندە هۆڵەندا وڵاتێکی زۆر بچووکە ،بەڵام وا بیر لە خۆمان دەکەینەوە کە پایتەختی یاسای جیهانین ، هاوکات یەکەم وڵات بووین کە توانیمان مافەکانی مرۆڤ بخەینە نێو دەستووری خۆمانەوە و ئەمەشە وای کردووە لە هۆڵەنداوە بێمە کوردستان، ئێوە زۆر گرنگن و وەکو گڵۆپێکی دروشاوە وان و ئەو ڕووناکیە دەتوانن پەرش و بڵاو بکەنەوە و بەرپرسیارییەتی گەورەتان لەسەر شانە  و پشتگیری هەموو هەنگاوکانتان دەکەین لەم بوارە" .

پاشان دەستکرا بە جێبەجێکردنی ناوەرۆکی وۆڕکشۆپەکە کە لەلایەن هەریەک لە د. ئەحمەد میرانی و د. توانا حەسەن پێشکەشکران و بە ڕاو سەرەنج و پێشنیازەکانی ئەندامان و ڕاوێژکارانی بەشداربوو وۆڕکشۆپەکە دەوڵەمەندتر کرا.