Skip to the content
Menu

جێگری سەرۆکی پەرلەمان پێشوازی لە سەرۆکی رێکخراوی لامیندا کرد

دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ ٢١/١٠/٢٠١٩ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە ئانتۆنێلا کاروسۆ سەرۆکی ڕێکخراوی لامیندا بۆ دیالۆگ و کاروباری کەمینەکان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد.

لە دیدارێکدا کە هەدییە موراد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان تێیدا ئامادەبوو، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لە ڕۆڵی سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کرد و پێگەی پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان و دام ودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە گرنگیەوە خستەڕوو، پاشان باسی لە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ی پەرلەمانی کوردستان کرد کە تایبەتە بە پاراستنی مافی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی و ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان شوێنی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەکانە و سەرجەمیان ئازادن لە مومارەسەکردنی ئایین و بیروباوەڕەکانیان،  پاشان جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە وردی باسی لەو نەهامەتییانە کرد کە بەهۆی داعشەوە سەرجەم پێکهاتەکان رووبەرووی لەناوچوون و کۆمەڵکوژی بوونەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پەرلەمانی کوردستان رۆژی٣ی ٨ هەموو ساڵێکی بە رۆژی یادکردنەوەی جینۆسایدی ئێزیدییەکان ناساند ، و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستەروو لە دۆزینەوە و گەراندنەوەی ئێزیدییە رفێندراوەکان.

لەلایەن خۆیەوە ئانتۆنێلا کاروسۆ سەرۆکی رێکخراوی لامیندا بۆ دیالۆگ و کاروباری کەمینەکان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، پاراستنی مافی پێکهاتەکانی لە هەرێمی کوردستان بە گرنگ وەسف کرد و خۆشحاڵی خۆی بە بوونی یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ی پەرلەمانی کوردستان دەربڕی ،هاوکات سوپاسی پەرلەمانی کوردستانی کرد بە دەرکردنی یاسای بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان و داوایکرد پەرلەمانی کوردستان هەوڵبدات ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هاوشێوەی ئەو یاسایە دەربکەن و دان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی دابنێن.