Skip to the content
Menu

جێگری سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیی لە بەڕێوەبەری نوسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لەعێراق-هەولێر کرد

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشه‌مه‌ ١٦/١٠/٢٠١٩، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان له‌ نوسینگه‌ى خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان پێشوازیی لە ئاشڵی دورێک بەڕێوەبەری نوسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق- هەولێر کرد.
لە دانیشتنێکدا کە سەرۆکی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان ئامادەی بوو، تیشک خرایە سەر دۆخی سیاسی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا و ئەو دۆخەی ئێستا کە لەڕۆژئاوای کوردستان لە ئارادایە.
لەمبارەیەوە هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لە پەیوەندییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ کرد کە لەهەوڵدان کێشەو گرفتەکانی نێوانیان بە رێگەی دیالۆگ و لەچوارچێوەی دەستوور چارەسەر بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوەکان قۆناغی باشیان بڕیوەو وەکو پەرلەمانی کوردستان پاڵپشتی لە سیاسەت و ستراتیژییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان و ئەو جەنگەی رووبەڕووی بووه‌تەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەمەترسیی دۆخەکە کرد کە لەئێستادا بەهۆی ئەو جەنگەوە خەڵکی سیڤیلی ناوچەکە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووەو ئاوارەبوونە، هاوکات مەترسیی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لەئارادایە، ئەمەش نەک هەر بۆ ناوچەکە بەڵکو بۆ هەموو جیهان مەترسیی جدی و گەورە دروست دەکات.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەدانیشتنی ١٥/١٠/٢٠١٩ی پەرلەمانی کوردستان کرد و رایگه‌یاند: "وەکو یەک تیم دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان یەکهەڵوێست و تەبان لەمەڕ کاری پێکەوەیی بۆ پرسە نیشتیمانی و چارەنووسسازەکان و لەدەرئەنجامی کۆبوونەوەکەش ١٢ راسپاردە خراوونەتەڕوو کە ئاراستەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە، وەک لەخۆگرتنی ئاوارەکان لە چوارچێوەی تواناکانی هەرێمی کوردستان و هاتنە سەر هێڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکانیان و راگرتنی ئەو جەنگەو هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ و بە شێوەیەکی ئاشتییانە".
لەبەرامبەردا ئاشڵی دورێک بەرێوەبەری نوسینگەی باڵێۆزخانەی کەنەدا لەعێراق- هەولێر سوپاسی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کرد بۆ ئەم روونکردنەوانەى و هیوای خواست سەرجەم کێشەو گرفتەکان بە رێگەی دیالۆگ و بەشێوەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن و ناوچەکە دوور بێت لە جەنگ و خوێنڕشتن و خۆشحاڵیی خۆشی دەربڕی بەو قۆناغە ئەرێنییەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا.