Skip to the content
Menu

لێژنەی شەهیدان سەبارەت بە کرێی خوێندنی کچ و کوڕی شەهید و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبووەوە

بەمەبەستی گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی قوتابیانی کەس و کاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی سەرلەبایەنی ئەمڕۆ ٢٢-١٠-٢٠١٩ لێژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی بە سەرۆکایەتی سوسن محمد میرخان سەرۆکی لێژنە و بەیاوەری هەژان حەسەن کوێستانی بڕیاردەری لێژنە و ژمارەیەک لە ئەندامان و راوێژکاری لێژنەکە ، سەردانی وەزارەتی داراییان کرد و لەلایەن ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیشوازییان لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە تەلاری وەزارەتی دارایی بەرێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی بەردەم قوتابیانی کەس وکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی کرا کە لە ئێستادا کرێی خوێندنیان راگیراوە ، و لیژنەکە داوای کرد کە هەوڵبدرێت بە زووترین کات کرێی خوێندنی کوڕ و کچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بدرێت، هاوکات جەختیان لەسەر هەماهەنگی نێوان لێژنەی شەهیدان و هەر یەک لە وەزارەتەکانی شەهیدان و دارایی کردەوە، دوابەدوای کۆبوونەوەکەش لیژنەکە بڕیاریدا بە راپۆرتێک سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە ناوەرۆکی سەردانەکە ئاگادار بکاتەوە.