Skip to the content
Menu

لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبوونەوە

بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانی پەیوەست بەخوێندنی باڵا، ئەمڕۆ ۸ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۹ لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان، بە سەرپەرشتی عبدالسلام دۆلەمەری سەرۆکی لێژنە و بە یاوەری جێگری سەرۆکی لێژنە و بریاردەر و ئەندام و ڕاوێژکارانی لێژنەکە سەردانی وەرزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەلایەن د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە باڵاخانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک تەوەر گفتوگۆ کران لەوانە، دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی سەرئاستی بەشەکانی کۆلێژ و پەیمانگاکان،و بڕیاری (تغير حالة)،و باوەڕ پێکردنی زانکۆکانی ( حدبا، نور، كيتاب و قلم) لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاری پێک ھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەشدرا بۆ ئەوەی بەغداش دان بە ھەموو زانکۆکانی ھەرێمدا بنێت و باوەڕیان پێ بکات، کێشەی کۆلێژی پەروەدەی ئاکرێ و دەرماڵەی قوتابیانی زانکۆو پەیمانگاکان و کێشەی خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی دەرەوەی ھەرێم، وکێشەی کۆلێژی پەروەردەی مەخمور، و کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پاڕالێل بۆ سەدا چل و پێنج ، هاوکات کەم کردنەوەی کرێی خوێندنی زانکۆ تایبەتەکان، بەشێکی تری تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بوو.

 لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا بڕیاریاندا رێگری بکەن لەو کۆمپانیایانەی بەناوی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبەرامبەر وەرگیرانی خوازیارانی خوێندنی باڵا بڕە پارەیەکی زۆر لەو قوتابیانە وەدەگرن.