Skip to the content
Menu

لێژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی کۆبوونەوە

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ۳۰/۱۰/۲۰۱۹ لێژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی بە سەرپەرشتی سوسن محمد میرخان سەرۆکی لێژنە، و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی لێژنە ، بڕیاردەر و ئەندامانی لێژنەکە کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە لە هۆڵی لێژنەی شەهیدان بەڕێوەچوو، سەرەتا سەرجەم ئەو نووسراوانەی کەلەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و هاوڵاتیانەوە ئاراستەی لێژنەکە کرابوو خوێندرانەوە و وەڵامی پێویستیان درایەوە، لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی لێژنەکە تاوتوێی سەرجەم ئەو سەردانانە کرا کە بۆ وەزارەتەکانی شەهیدان و دارایی و پەروەردە ئەنجامدرا بوون بە مەبەستی دابینکردنی پارەی خوێندنی کوڕ و کچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پێویستە ئالیەتێکی گونجاو دابنرێت بۆ ئەوەی کێشە و گرفت نەیەتە پێش پڕۆسەی خوێندنیان و هاوکات دۆسیەی قوربانیانی جینۆساید بخرێتە پڕۆگرامەکانی خوێندن، لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا لێژنەی کاروباری شەهیدان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان پێشوازییان لە نوێنەری وەزارەتی شەهیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بە تێر وتەسەلی باسیان لە شێواز و قۆناغەکانی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم پڕۆسەیە بە شێوازێکی زانستی ئەنجامبدرێت و بتوانرێت سەرجەم ڕووفاتەکان و پاشماوەکان بپارێزرێن و بە شێوەیەکی ورد دیکومێنت بکرێن، دوابەدوای کۆبوونەوەکەش  بڕیاریاندا بە ڕاپۆرتێک سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە ئاگادار بکەنەوە.