Skip to the content
Menu

مەڕاسیمی ماڵئاوایی لە خوا لێخۆشبوو ئاهەنگ عارف لە پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو

 سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ۱۱ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۹ لەژێرچاودێری د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە ئامادەبوونی عدنان موفتی سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان ، سەرۆکی فراکسیۆنەکان و بەشێک لە ئەندامانی خولی پێنجەم و خولەکانی تری پەرلەمان و یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان، مەڕاسیمی ماڵئاوایی لە تەرمی خوالێخۆشبوو ئاهەنگ عارف پەرلەمانتاری خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەڕاسیمەکە بە چەند ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان لە وتارێکدا د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی سەرجەم میوانان و ئامادەبووانی مەڕاسیمەکە، پێگە و ڕۆڵی خوالێخۆش بووی لە کاری پەرلەمانی لە خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان خستەڕوو، لە بەدواداچوون و شارەزایی و کار و بوارەکەی خۆی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند،" هەرکەسێک بە ئەرشیف و ئەلبوومی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردساندا بڕواتەوە دەزانێت ئەو ژنە چەند کارامە و لێهاتوو بووە لە کارەکانی خۆیدا"، لە کۆتایی وتارەکەیدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرەخۆشی خۆی و پەرلەمانی کوردستانی ئاراستەی کەس وکار و خانەوادەی خوا لێخۆشبوو کرد و هیوای خواست میللەتەکەمان چیتر کۆستی گەورە و کەسی گەورەی وەکو ئەم خاتوونە لە تەمەنێکی ئاوادا لە دەست نەدات. لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا لەلایەن د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم ئامادەبووان تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفا لەسەر گڵکۆی خوا لێخۆش بوو داندرا.

ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە:

 

بەڕێز کاک عدنان موفتی سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان.

پەرلەمانتارانی بەڕێز نوێنەرانی کوردستان.

بەڕێزان یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان.

پەرلەمانتارانی بەڕێزی خولەکانی پێشوی پەرلەمانی کوردستان.

کەس و کاری ئازیزی خوالێخۆشبوو خاتوو ئاهەنگ ، ماتەمگێرانی ئازیز.

بەخێر هاتنتان دەکەین سوپاس بۆ ئامادەبوونتان،  ئێمە ئەمڕۆ لە پێشوازی خاتوونێکی ئازیزی کوردستان ، پەرلەمانتارێکی لێهاتووی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان ، ئێستا ئامادەین لە مەڕاسیمی ماتەمینی و ماڵئاوایی کردن لە پەرلەمانتارێکی لێهاتوو کە بە شاهێدی هەموو ئەو کەسانەی کە لە پەرلەمانی کوردستان بوون و چاودێری کاری پەرلەمانی بوون ، ئەم ژنە ئەم خاتوونە یەکێک بووە لە هەرە لێهاتووترین پەرلەمانتارەکانی پەرلەمانی کوردستان، ڕاستە بەڕێزیان ماوەیەکی کەمتر لە هاوڕێکانی پەرەمانتار بوون و دوای دوو ساڵ بەسەر تێپەڕینی خوولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان بوو بە ئەندامی پەرلەمان، بەڵام ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی لە کاری پیشەیی پەرلەمانتاری ڕاستەقینە هەیە لە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی حکومەت، هەرکەسێک بە ئەرشیف و ئەلبوومی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردساندا بڕواتەوە دەزانێت ئەو ژنە چەند کارامە و لێهاتوو بووە لە کارەکانی خۆیدا، لە سەردانی کردنی تەواوی ئەو پڕۆژانەی کە کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی کردوون، پردێک توونێلێک شەقامێک جادەیەک نیە ئەم ژنە سەردانی نەکردبێت و چاودێری جێبەجێکردنی نەکردبێت، و بەشدار نەبووبێت لە دەوڵەمەندکردنی ئەو بوارەی کە تایبەتمەندی خۆی بووە وەکو ئەندازیارێک ، لەبەر ئەوە بە ناوی ئێوە و بە ناوی بەڕێزان لە پەرلەمانی کوردستان و بە ناوی خۆمان سەرەخۆشی گەرم لە کەس و کار و خانەوادەی بەڕێزیان دەکەین ، هیوادارین خوای گەورە بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بکات و سەبووری تەواوی ئازیزانی بدات و هیوادارم میللەتەکەمان چیتر کۆستی گەورە و کەسی گەورەی وەکو ئەم خاتوونە لە تەمەنێکی ئاوادا لە دەست نەدات، بەخێرهاتنتان دەکەم جارێکیتر و زۆر سوپاس.