Skip to the content
Menu

دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد

پاش نیوەرۆی ئەمرۆ ٩-٩-٢٠١٩ شاندی باڵای پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی دروستکردنی کۆدەنگی  لەسەر کۆمەڵێك بابەتی چارەنوسساز لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ،هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمان  سەردانی بزووتنەوی گۆڕان- یان لە شاری سلێمانی کرد و لەلایەن عمر سەید علی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان  و ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی بزووتنەوەکە کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان پەیامی پەرلەمانی کوردستانیان گەیاندە بزووتنەوەی گۆڕان کە خۆی لە کاری پێکەوەیی و سەقامگیری پەرلەمانی کوردستان و بوونی سیاسەتێکی تەشریعی روون بۆ کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، هەروەها زەمینەسازی سیاسی و یاسایی بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان لەم خولەی پەرلەمان دەبینییەوە ، هاوکات داوایان لە بزووتنەوەی گۆڕان کرد پشتیوانی پرۆژەی چاکسازی حکومەتی هەرێم  و پاڵپشتی پەرلەمانی کوردستان بکەن لە پاڵپشتی کردنیان لە سیاسەتەکانی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بۆ بەدەست هێنانی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەماهەنگی زیاتر فەراهەم بکرێت لە نێوان پەرلەمانی کوردستان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ، و باسکردنی پرسی بە دامەزراوەیی کردنی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان وهاندانی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ ئەوەی بە یەک لیست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەشداری بکەن ، لایەنێکیتری مەبەستی سەردانەکەی شاندی پەرلەمانی کوردستان بوو.

لەلایەن خۆیانەوە رێکخەری گشتی و سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەکە پیرۆزباییان لە دەستەی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد و دەست خۆشییان لێکردن بۆ ئەم هەنگاوە گرنگانە و پشتیوانی تەواویشیان لە پەرلەمانی کوردستان کرد ، لە دانانی ئەو ئەولەویەتانە و ئامادەیی خۆشیان بۆ پشتیوانی کردن لە چاکسازی و نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەربڕی ، و هاوراشبوون لەوەی پرسە نیشتیمانییەکان  لەسەرووی بەرژەوەندییە حزبییەکان بێت و پاڵپشتیش لە سیاسەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.