Skip to the content
Menu

سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ نێردەی وڵاتی هەنگاریا کۆبووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ١١-٩-٢٠١٩، د.رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی کرد لە میکلۆس زابۆ نێردەی وڵاتی هەنگاریا لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارێکدا میکلۆس زابۆ نێردەی وڵاتی هەنگاریا لە هەرێمی کوردستان وێڕای پیرۆزباییکردن لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی دەستبەکاربوون لە پۆستەکەی و دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ هه‌رێمی كوردستان، هیوای سەرکەوتنی بۆ کارەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمان خواست.
لای خۆیەوە د.رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی نێردەی وڵاتی هەنگاریا بۆ پەرلەمانی کوردستان، باسی لە دواین پێشهات و رەوشی سیاسیی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و ئاماژەی بەهەوڵەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دا بۆ گەیشتن بەسازانی نیشتیمانی و رێكکەوتنی هێزو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی چاکسازی و برەو دان بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و پاڵپشتیی پرۆسەی دیالۆگ و گفتوگۆی نێوانیان لە چوارچێوەی دەستووردا.
هاوکاری و هەماهەنگیی وڵاتی هەنگاریا لە شەری دژ بەداعش، تەوەرێکی دیکەی دیداری نێوان سەرۆکی پەرلەمان و نێردەی وڵاتی هەنگاریا بوو.
لەوبارەیەوە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سوپاسی حکومەت و گەلی هەنگاریای کرد کە لە شەری دژ بەداعش هاوکار و پشتێوانی کورد و هێزی پێشمەرگە بوون و هیوای خواست وڵاتی هەنگاریا هاوکارو هەماهەنگی زیاتری هەرێمی کوردستان بێت.