Skip to the content
Menu

لیژنەی كاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لەمافی ئافرەت و لەمافی مرۆڤ بۆ تاووتوێکردنی چەند پرسێک کۆبووەوە

پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ سێشه‌مه‌ ٣/٩/٢٠١٩، لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لەمافی ئافرەت و لەمافی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بە سەرپه‌رشتیی ڕۆمیو حوزه‌یران نیسان سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ کۆبوونەوەی ئاسایی خویی ئەنجامدا.
سەرەتاى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئەو ڕاپۆرت و کۆنووسانە قسەیان لەسەر کرا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون کە تایبەت بوون بە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە گەل دەستەی سەرۆکایەتیی لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمان.
دواتر گفتۆگو کرا لەسەر ئەو نووسراوانەى کە لەلایەن ھاووڵاتییان بە لیژنەکە گه‌یشتبوون کە خۆیان لە کێشەی کۆمەڵایەتێ و پەیوەست بە مافی ئافرەت و مافه‌كانی مرۆڤ دەبینییه‌وه‌، لەوانەش یاداشتێک کە لەلایەن ڕێکخراوی ڕۆژگاری کورد و چەند ڕێکخراوێکی تر بەلیژنەكه‌ درابوو و تیایدا داوایان کردبوو سزاو یاسای توند بەرامبەر ئەو کەسانە دەربکرێ کە ژن و منداڵ دەکوژن.
لە کوتایی کۆبوونەوەکەدا لیژنە بریاریدا سەردانێکی دوو ڕۆژی بۆ پاریزگای سلێمانی ئه‌نجام بدات به‌مەبەستی بەسەرکردنه‌وه‌ی چەند بەرێوەبەرایەتییه‌ك لەوانەش بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتی و بەرێوەبەرایەتیی پاراستنی تۆڕی کۆمەڵایەتی و بەرێوەبەرایەتیی توندوتیژیی ئافرەتان و خانەی بەساڵاچووان و منداڵان.