Skip to the content
Menu

لیژنەی پەروەردە و وەزیری پەروردە چارەنوس و ئایندەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ تاوتوێ دەکەن

 ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی 10/4/2020 کۆبونەوەیەکی ھاوبەش لەنێوان لیژنەی پەروردە و خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی کوردستان و وەزیری پەروردەی حکومەتی ھەرێم و بەڕێوەبەرەگشتیەکانی پەروەردەکانی پارێزگاکان ئەنجامدرا.

لەکۆبونەوەکەدا کە بە شێوازی ئۆنلاین بەڕێوەچوو گفتوگۆکرا لەسەر ڕەوشی خوێندن لەھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵی خوێندن کە بەھۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە پرۆسەی خوێندن وەستێنراوە تا ئاسای بونەوەی دۆخەکە، هەروەها بە تێرو تەسەلی باسی هەموو قۆناغەکانی خوێندن و دۆخی قوتابیانی پۆلی ۱۲ کرا. بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ھیوایانخواست کە لەنزیکترین کاتدا دەرگای خوێندنگاکان بکرێنەوە بەڕووی قوتابیان و پرۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە، و دوپاتیان کردووە کەھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ڕەنجی ساڵێکی خوێندن بەفیڕۆ نەچێت و بەڕاوێژی کەسانی شارەزاو لایەنی پەیوەندیداری پەروەردەیی لەکاتی پێویستدا بڕیاری گونجاو بدەن .

لەکۆتای کۆبونەوەکە ھیوای سەلامەتی و تەندروستیەکی باشیان بۆ سەرجەم ھاونیشتمانیان بەگشتی و قوتابیان بەتایبەتی خواست و ئاماژەیان بە گرنگی ئەم جۆرە کۆبونەوانە لەم بارودۆخەی ئێستای کوردستان کردەوە.