Skip to the content
Menu

پەیامی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵیادی بۆردومانکردنی قەڵادزێ

د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ٤٦هەمین ساڵیادی بۆردومانکردنی قەڵادزێ پەیامێکی بڵاوکردەوە ، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

لە ٤٦ھەمین ساڵڕۆژی بۆردومانی قەڵادزێ- دا سەری ڕێزو نەوازش بۆ شەھیدانی ئەم ھێرشە ناڕەوایە و سەرجەم شەھیدانی کوردستان دادەنەوێنین و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە گەورەیە مەحکوم و شەرمەزار دەکەین.

زۆر بەداخەوە کە گەلەکەمان ساڵانە بە درێژایی ھاتنی مانگەکانی ئازار و نیسان، مۆتەکەی یاد و بیرەوەری لەدەستدانی ئازیزانیان لێیان جیانابێتەوە، ئەمەش مایەی ئازارێکی قووڵە بۆ کوردستانیان کە بیرەوەری تاڵی مەرگە ساتەکان تێکەڵ بە شادییەکانیان دەبێت.

بۆردومانی شاری شیرینی قەڵادزێ لە ١٩٧٤/٤/٢٤ جگە لەوەی بەشێکە لە پرۆسەی جینۆسایدکردنی میللەتەکەمان،هاوکات ھەوڵێکیش بوو بۆ لەناوبردنی توانا مرۆیی و زانستیەکانی گەلەکەمان بەوەی زانکۆ و مامۆستاو خوێندکارانی زانکۆکە یەکێک بوو لە ئامانجەکانی بۆردومانەکە، هه‌ربۆیه‌ش بە ئیرادە و ورەبەرزی خەڵکی دەڤەری پشدەر و بیتوێن، لە ساڵڕۆژی بۆردومانی شارەکەدا جارێکی تر لە ساڵی ۱۹۸۲ لە خۆپیشاندانێکی جەماوەریدا گوزارشتیان لەو وورەبەرزیە کرد و‌ تێیدا ده‌یان تێكۆشه‌ری گه‌له‌كه‌مان شه‌هید و بریندار بوون.

لێره‌دا ئه‌وه‌ی مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌، كه‌ كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌ کاولکاریەکانی ئه‌م پەلامارە هێشتا‌ به‌سه‌ر ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا زاڵه‌ و ئازار و ناسۆری ڕووداوه‌ تراژیدییه‌كانی بۆردومانی ئه‌م شاره‌ له‌ نه‌ست و بیره‌وه‌ری خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا حزوری هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كمان ئەرکی ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م زه‌بره‌ قورسه‌ له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ لە ئەستۆ بگرین، و چی له‌ تواناماندایه‌ درێغی نه‌كه‌ین له‌ كۆمه‌كی كردن، و پاڵپشتی بونیادنانەوەی ژێرخانی سێکتەرە جیاوازەکانی ئه‌م پانتاییه‌ جوگرافیه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ ئێستادا بە بەراورد بە قوربانیدانی دانیشتوانەکەی گەشەیەکی ئەوتۆی نەکردووە، لەیادی تۆپبارانی قەڵادزێ نەمری و سەربەرزی بۆ شەھیدانی بۆردومانی قەڵادزێ و سەرجەم شەھیدانی کوردستان.

‌ د. ڕێواز فایەق

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

٢٣/٤/٢٠٢٠