Skip to the content
Menu

پەیامی لیژنەی رۆشنبیریی پەرلەمان بۆ ساڵڕۆژی رۆژنامەگەریی كوردی

لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان، بەبۆنەی ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:
لەساڵڕۆژی دەرچوونی یەكەمین رۆژنامەی كوردیدا بەناوی "كردستان" كە لەڕۆژی 22ی نیسانی ساڵی 1898داو لەسەر دەستی هەردوو جوامێر "میقداد مەدحەت بەدرخان"و "عەبدولڕەحمان بەدرخان"دا لەشاری "قاهیرە"ی پایتەختی میسر دەرچوو، لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان سەرەڕای ستایشكردنی رۆڵی جومێرانەی بنەماڵەی بەدرخانییەكان لەبزافی سیاسی و نەتەوەییدا، ستایشی رۆڵی ئەم دوو برایە دەكات لەتۆماركردنی مێژووییەكی دره‌وشاوەدا بۆ رۆژنامەنووسیی كوردی.
لیژنەكەمان پیرۆزبایی گەرم لەمیدیاكارانی كوردستان دەكات و ئومێدەوارین رۆحی ئەو میداكارانەیش شاد بێت كە لەرابردوودا بەشداربوون لەم كاروانە پیرۆزەی كاری میدیاییداو گیانی خۆیان لەم پێناوەدا بەخت كردووە.
دەرچوواندنی یەكەمین رۆژنامەی كوردی لەتاراوگە ئاماژەیەكە بۆ قوربانییە یەك لەدوای یەكەكانی گەلەكەمان، كە لە سەدە یەك لەدوای یەكەكانی مێژووداو تا بەئەمڕۆیش دەگات داگیركەران چاویان بەخەباتی سیاسی و رۆشنبیریی گەلەكەمان هەڵنەهاتووە، وەک چۆن دەرچوواندنی ئەم رۆژنامەیە لەتاراوگە ئاماژەیەكی روونە بۆ خەباتی نەپساوەی كلتووریی رۆڵەكانی گەلەكەمان و ملنەدان بۆ ستەمكاریی داگیركەران.
لەم ساڵڕۆژە درەوشاوەیەی میدیای كوردیدا، لیژنەكەمان پشتیوانیی خۆی بۆ میدیای كوردی و میداكاران لەكوردستان دووپاتدەكاتەوەو بەڵێنیش دەدات وەك هەمیشە لەسەنگەری بەرگریكردن دابێت لە ئازادیی كاری میدیایی و پەیامە پیرۆزەكەی میدیاو میدیاكاران لە كوردستان و داوایش لە میدیاكاران دەكەین سەرمەشقی پەیامە پیرۆزەكەی پیشەییبوون و راستگۆیی و بێلایەنی بن لەكاری میدیاییداو پابەندبن بە جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكانی میدیاو پرەنسیپەكانی ئێتیكی رۆژنامەنووسی و دەسەڵاتی راپەڕاندنیش بەچاوی هاو بەرپرسیارێتییەوە لەكاری میدیایی میدیاكاران بڕوانێت، درەوشاوە بێت میدیای كوردی.
لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان
22ی نیسانی 2020