Skip to the content
Menu

پەیامی لێژنەی شەهیدان بۆساڵیادی کارەساتی بۆردومانکردنی قەڵادزێ

لێژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵیادی بۆردومانکردنی قەڵادزێ پەیامێکی بڵاوکردەوە، ئەمە خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

٤٦ ساڵ پێش ئێستا له ٢٤/٤/١٩٧٤، رژێمی به‌عسى له‌ناوچوو به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ شاری قه‌ڵادزێ و زانکۆی سلێمانی بۆردوومان كرد و لە ئەنجامدا بە سەدان هاوڵاتی کورد لە مامۆستا و قوتابی زانکۆ و دانیشتووانی مەدەنی شەهید و بریندار بوون، خه‌ڵكی قه‌ڵادزی له‌ سه‌رجه‌م شۆڕشەکانی کوردستان ڕۆڵی کارا و کاریگەریان هه‌بووه‌ و هەمیشە لە خزمەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا بوون و لەم پێناوەشدا قوربانی زۆریان داوە، ئەم بۆردومانەی قەڵادزێ یەکێکە لە تاوانە قێزەونەکانی ڕژێمی بەعس کە هیچ کات سڵی نەکردووەتەوە  لە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی کوردستانی لەژێر بێ دەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کاتێک کە ڕژێم ئەم تاوانەی دژی گەلەکەمان ئەنجام دا هەرگیز بیری لە جیاوازییەکانی کورد نەدەکردەوە، بەڵکوو بە یەک چاو سەیری کوردی کردووە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سڕینەوەی داوە، بۆیە پێویستە لە ئێستا و لە داهاتوودا هەمیشە ئەو کارەساتانە ببنە وانەیەک بۆ گەلەکەمان و هەمیشە هەوڵی پاراستنی یەکڕێزیمان بدەین و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەڕۆژی ٢٠١٣/٢/١٠ بڕیاری داوە ئەو ڕۆژە ببێتە ڕۆژی شەهیدانی زانکۆ.

ئێمە لە لێژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی بەڵێن دووپات دەکەینەوە، کە هەمیشە لەخزمەتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەبین و هیچ کەمتەرخەمییەک لەم پێناوەدا ناکەین، لە ساڵیادی ئەم کارەساتەدا سەری ڕێزمان بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دادەنوێنین، دروود بۆ ڕوحی پاکی شەهیدانی بۆردومانی قەڵادزێ و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

لێژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی

٢٤/٤/٢٠٢٠