Skip to the content
Menu

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتی هیند کرد

پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ ٦/٨/٢٠٢٠ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە چاندرامولی کۆمار کۆنسوڵی گشتی هیند لە هەرێمی کوردستان کرد .

لە دێدارێکدا باس لەدوا پێشهاتە سیاسی و ئابووری و لێکەوتە نەرێنییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.

لەدیدارەکەدا، کە هەریەک لە پەرلەمانتاران ڕێبوار بابکەیی، محمد ئیلیخانی و سیروان بابان ئامادەی بوون، ‌هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باسی لە بارودۆخی تەندروستی و ئابووری هەرێمی کوردستان کرد، کەبەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ودابەزینی نرخی نەوت کاریگەری نەرێنیان لەسەر هەرێمی کوردستان دروستکردووە.

پاشان باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کرا، کە لەئێستادا دانوستانەکانی نێوانیان بەردەوامە و خوازییارن بە پێی دەستووری عێراق سەرجەم کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکرێن وبگەنە رێکەوتنێکی کۆتایی، هەرلەمیانەی گفتوگۆکانیاندا هێمن هەورامی باسی لە یاسای چاکسازی کرد، کە لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی بۆدراوە وکەتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەکرد کە پەرلەمانی کوردستان هاوکار و هەماهەنگ دەبێت لە پێناو سەرخستنی کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە یەکێک لە تەوەرە هەرەگرنگەکانی ئەو کارنامەیە چاکسازییە لە گشت سێکتەرەکاندا .

لە تەوەرێکیتردا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەکاری پەرلەمانی ولایەنی تەشریعی و پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان و چۆنیەتی راییکردنی کارەکان کرد،و هیوای خواست کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتی هیند لەسەر ئاستی کاری پەرلەمانی بەرەوپێش بچێت و سود لە ئەزموونەکانی یەکتر وەربگرن.

لەلایەن خۆیەوە چاندرامولی کۆمار کۆنسوڵی گشتی هیند لە هەرێمی کوردستان سوپاسی پەرلەمانی کوردستانی کرد بۆ پێشوازییەکەیان و هیوای خواست پەیوەندییەکانیان لە گشت بوارەکاندا پەرەسەندنی زیاتر بەخۆوە ببینێت.