Skip to the content
Menu

شاندێكی لیژنەی کشتوکاڵ سەردانی کێڵگەکانی بەرھەمھێنانی پەتاتە لەدھۆک دەکات

شاندێكی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری له‌پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی عەبدولستار مەجید سەرۆکی لیژنەو ئه‌ندامیه‌تیی سه‌فین گه‌ردى بڕیارده‌رى لیژنه‌و سیپان ئامێدی ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌و راوێژكارى لیژنه‌كه‌ سەردانی ‏چەند کێڵگەیەکی بەرھەمھێنانی پەتاتەى لەسنووری پارێزگای دھۆک و قەزای بەردەڕەش دەکات و لە‏نزیکەوە لەکێشەی جووتیاران دەکۆڵێتەوەو گرفتی بەقاچاخھێنانی پەتاتەش لەسنووری گەرمیانەوە ‏چارەسەر دەکات.‏
سەردانەکە بۆ ئاگاداربوون بووە لەگرفتی جووتیاران و گەیاندن و ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار ‏بەمەبەستی چارەسەرکردنیان و برەودانی زیاتر بەو کێڵگانە کە لەئێستادا بەشی ھەره‌ زۆری بەرھەمی ‏ناوخۆ دابین دەکات و ھەزاران دەرفەتی کاریشی بۆ خەڵک ڕەخساندووە.‏
ئەوە جێگەی خۆشحاڵییە ژمارەیەک ساردخانەی گەورەش دروستکراون کەبەرھەمی ئەو کیڵگانەی تێدا ‏ھەڵدەگیرێت و کێڵگەکانیش ھەردوو جۆری پەتاتەی (چپس و فینگەرو ئاسایی) بەرھەمدەھێنن، بەڵام ‏چەند کێشەیەکیان ھەیە لەوانەش: ‏
‏١.‏ لەسنوورەکانەوە خەڵکانێکی چاوچنۆک بەقاچاخ و بەرتیل دان بەھەندێ لایەن پەتاتە دەھێننە ‏ھەرێمی کوردستان کەئەمە زۆر خراپە، بەتایبەتی ھەندێ لەجووتیاران باسیان لەوە کرد کە لە‏سنووری گەرمیانەوە ئەو پەتاتە قاچاخە دێتە ناو ھەرێم.‏
بۆ ئەو مەبەستەش عەبدولستار مەجید سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لەپەرلەمانی ‏کوردستان ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەسەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە دەکات و گرفتەکەی ‏تێدەگەیەنێت لەدەرئەنجامدا ئێستا بەقاچاخھێنانی پەتاتە لەو سنوورەوە بەپێی وتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان نەماوەو بەڵێنی بەسزاگەیاندنی پێشێلکارانیشی داوە.‏
‏٢.‏ کێڵگەکانی بەرھەمھێنانی پەتاتە بەھەموو جۆرەکانییەوە دەتوانن پێداویستیی ناوخۆ لەپەتاتەی ‏ئاسایی و پەتاتەی چپس و پەتاتەی فینگەریش پڕبکەنەوەو بۆ ئەو بەرھەمە چیتر ھەرێمی ‏کوردستان پێویستیی بەپەتاتەی ھاوردە نییە.‏
گەورەترین گرفت و کێشە لەبەردەم جوویتاران و بەرھەمھێنەرانی پەتاتەدا خودی حکومەتی ‏ھەرێمی کوردستانە کەتەواو خەمساردو بێباکەو مامەڵەی وەک پێویست نییە لەگەڵ ئەم بابەتە ‏گرنگەو بەشێک نییە لەچارەسەری گرفتی جووتیاران و پاڵپشتیی بەرھەمی ناوخۆ.‏
خۆشبەختانە ئەمساڵ بەرھەمی پەتاتە بەھەموو جۆرەکانییەوە زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار تەن بووە، ‏لەسەرتاسەری عێراقیشدا دەستی کاری بۆ ٢٥٠ ھەزار کەس ڕەخساندووە بەھەموو ئەو ھاووڵاتییانەی ‏کاری تێدا دەکەن لەبەرھەمھێنان تا فرۆشتن. ‏