Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و وه‌به‌رهێنان به‌دواداچوون بۆ یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون بۆ كه‌مده‌رامه‌تان و كرێچێییان ده‌كات

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌مه‌ 2020/8/24، لیژنەی ئاوەدانکردنەوەو وەبەرهێنان لەپەرلەمانی کوردستان بەسەرپەرشتیی ھاوڕێ مەلا ستار سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لەکۆبوونەوەكه‌دا دواھەنگاوەکانی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەت و کرێچییەکان لەپارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان خرانە بەرباس، دوای گفتۆگۆکردن لەلایەن ئەندامانی لیژنەو خستنەڕووی سەرنج و تێبینییەکان بۆ ئەم پرسە
لیژنە چەند بریارێکى ده‌ركرد له‌وانه‌ میوانداریکردنی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەمەبەستی دیاریکردنی چارەنووسی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەت و کرێچیبەکان و ھەروەھا بۆ وەرگرتنی روونکردنەوە لەسەر دواھەنگاوەکانی وەزارەت لەسەر كێشه‌ی ڕێگاوبانەکانی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی.
ھەوەھا لیژنە بریاریدا میوانداریی سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان بکات بەمەبه‌ستی پێدانی لیستی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لەھەموو ڕوویەکەوەو وەرگرتنی زانیاریی پێویست لەسەر چارەنووسی ١٠٥٠ یەکەی نیشتەجێوون کە لەساڵی ٢٠٢٠ بڕیاری لەبارە دراوە، ھەروەھا پێدانی زانیاری بەلیژنەكه‌ لەسەر نەخشەی وەبەرھێنان لەھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستاندا.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا لیژنە بریاریدا نوسراوێک ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات بەمەبه‌ستی دروستکردنی لیژنەیەکی لاوەکی بۆ بەدواداچوونی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەو وەبەرھێنان.