Skip to the content
Menu

لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی میوانداریى وه‌زیرانی خوێندنی باڵاو په‌روه‌رده‌و ئه‌وقاف ده‌كات

بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکى گرنگی په‌یوه‌ست به‌كارى لیژنه‌كه‌، رۆژی یه‌كشه‌مه‌ 2020/8/23، لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی له‌په‌رله‌مانى كوردستان بەسەرپەرشتیی د.ھەورەمان حمە شریف حمە رەشید سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو بریاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ كۆبووه‌وه‌.
لەکۆبوونەوەکه‌دا چەندین تەوەر خرانە بەرباس و گفتۆگۆ، سه‌ره‌تاش ئەو نوسراوانەى لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئاراستەی لیژنەكه‌ کرابوون خوێندنەوەیان بۆ کراو بڕیارى پێویستییان له‌باره‌وه‌ درا، دواتر له‌لایه‌ن ئەندامانی لیژنەكه‌وه‌ باس لەکردنەوەی مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان بەڕووی خەڵکی کوردستان کر و خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی بەم بڕیارە، ھەروەھا ستایشی رۆلى مامۆستایانی ئاینی کرا لەسەر ھوشیارکردنەوەی ھاووڵاتییان لەمەترسیی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.
تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە جەختکردن بوو لە سەر چارەسەرکردنی کێشەی قوتابیانی ئاینی بەمەبەستی وەرگرتنیان لەپەیمانگه‌و زانکۆکاندا، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنە بڕیاریدا میوانداریی بەرێزان وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و وەزیری پەروەردەو وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی بکات بۆ لیژنەكه‌.
لەکۆتایی کۆبوونەوەكه‌دا بریارەکانی لیژنەی فه‌توای ھەرێمی کوردستان بەرزنرخێندرا سەبارەت بەفتوای تایبەت بە لەخشتەبردنی نەخۆش لەلایەن ھەندێک پزیشک نۆڕینگەو نەخۆشخانەی تایبەت و تاقیگەو دەرمانخانەکانەوەو ھیوایان خواست ھاووڵاتییان پێیه‌وه‌ پاپەندبن.