Skip to the content
Menu

لیژنەی دەسپاکی كۆبۆ‌وه‌و چه‌ند بڕیارێكی گرنگی دا

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەمە 2020/8/25، لیژنەی دەسپاکی لەپەرلەمانی کوردستان بەسەرپەرشتیی شیرین ئەمین سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداو چەند پرسێکی پەیوەندیدار بەلیژنەکەیان تاووتوێ کرد.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکە سەرجەم ئەو نوسراو و یاداشت و سکاڵایانەی ئاراستەی لیژنەكه‌و ئەندامانی لیژنەكه‌ کرابوون خوێندرانەوەو دوای گفتوگۆکردن و ڕاو و سەرنجی ئەندامانی لیژنە کاری پێویستیان لەسەر کراو ئەوانەی پێویستییان بەوەڵامدانەوە ھەبوو وەڵامدرانەوەو ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدارکران بەمەبەستی چارەسەرکردن و بەدواداچوونی گرفتەکانیان.
ھەرلە کۆبوونەوەکە ئەم بڕیارانە دران:
یەکەم: ئاراستەکردنی نوسراو بۆ دەستەی دەسپاکی به‌مه‌به‌ستی دەستخۆشیكردن لەدەستەکە بەپێکھێنانی لێژنەیەک بۆ بەدواداچوونى جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی.
دووەم: نوسراوێک ئاراستەی دیوانی چاودێریی دارای بکرێت سەبارەت بەناردنی ھەردوو ڕاپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی لەسەر دابینکردنی بڕی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ ھەولێر وەک پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی كه‌ئاراستەی لیژنەی دەسپاکیی بکات بەمەبه‌ستی بڕیاردان لەسەر ئەو دۆسییەیه‌.
سێیەم: نوسراوێک ئاراستەی دەستەی وەبەرھێنان بکرێت سەبارەت بەناردنی زانیاریی تەواو لەسەر دروستکردنی 11 پێشانگای کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەسەر پارچە زەوییەک لەگەڕەکی ئازادیی شاری ھەولێر.
چوارەم: بەرزکردنەوەی ڕاپۆرت بۆ دەستەی دەسپاکی سەبارەت بەخەرجکردنی بڕی 20 ملیار دینار بۆ سلێمانی وەک پایتەختی ڕۆشنبیری.
پێنجەم : بەرزکردنەوەی ڕاپۆرت بۆ دەستەی دەسپاکی لەسەر ڕاپۆرتی ساڵانەی دەستەی دەسپاکی ساڵی 2019.