Skip to the content
Menu

لیژنەی پەروەردە تاووتوێی چەند پرسێکی پەروەردەیی دەکات

بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکى په‌یوه‌ست به‌كارى لیژنه‌كه‌، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەمە٢٣/٨/٢٠٢٠، لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی له‌په‌رله‌مانى كوردستان بەسەرپەرشتیی عبدالسلام دۆڵەمەڕی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامانی لیژنە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لەکۆبوونەوەکه‌دا کە لەھۆڵی لیژنە بەڕێوەچوو گفتوگۆکرا لەسەر ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی کەئەمساڵ بەبەراورد بەساڵانی پێشوو ژمارەی ئەو خوێندکارانەی نمرەی بەرزیان بەدەستھێناوە زۆر زیاترن و بۆ ئەم مەبەستەش داوا لەوەزارەتی خوێندنی باڵا دەکرێت کەژمارەی کورسییەکانی خوێندن زیاد بکات، بەتایبەت لەبەشی پزیشکی.
دواتر جەخت لەوە کرایەوە کەپێویستە لەگەڵ ھەریەکە لەوەزارەتەکانی خوێندنی باڵاو وەزارەتی پەروەردە لەپەیوەندی و ھەماھەنگیدابن بۆ دیاریکردنی کاتێکی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لەزانکۆو پەیمانگه‌کانی سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵاو قوتابخانەو پەیمانگه‌کانی سەر بەوەزارەتی پەروەردە.
لەکۆتاییدا بڕیاری پێکھێنانی دوو لیژنەی لاوەکی درا کەیەکێکیان چاودێریی پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕم و وەرگرتنی قوتابیان لەزانکۆو پەیمانگه‌كان و ھەنگاوەکانی ڕاییکردنی مامەڵەی وەرگرتن بكات، لیژنە لاوەکییەکەی تر لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆدەبنەوە بۆ ئاگاداربوون لەچۆنیەتیی دیاریکردنی ئەو پێوەرانەی کەبۆ دانپێدانانی زانکۆکانی دەرەوەی ھەرێم دیاری کراون.