Skip to the content
Menu

لیژنەی پەروەردە تاووتوێی چەند پرسێکی پەروەردەیی دەکات

بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێكى گرنگی په‌یوه‌ست به‌كارى لیژنه‌كه‌، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەمە 2020/8/9، لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی له‌په‌رله‌مانى كوردستان بەسەرپەرشتیی عبدالسلام دۆڵەمەڕی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكه‌ کۆبووه‌وه‌.
سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی لیژنە سوپاسی ئه‌ندامانى لیژنەكه‌ی کرد کە لەماوەی ڕابردووداو بەتایبەت لەکاتی ئەنجامدانی پرۆسەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی پۆلی ١٢ و تاقیکردنەوەی قۆناغە ناکۆتاکانی ٤ بۆ ١١ى بنەڕەتی سەردانی ھۆڵەکانی تاقیکردنەوەو پەروەردەی پارێزگاو قەزاکانیان کردووە، دواتر ئەندامانی لیژنە دەرئەنجامی سەردانو بەدواداچوونەکانیان خستەڕوو.
دواتر گفتوگۆ کرا لەسەر ئەو پرسیارانەی له‌وانه‌كانی تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی 12ى ئاماده‌یی ھەڵەیان تێدابووە یان زیاتر لەوەڵامێک ڕاست بووەو ئاماژە بەوە کرا کەوەزارەتی پەروەردە بڕیاری قەرەبووکردنەوەی داوەو بۆ ئەم مەبەستەش بەنوسراوی فەرمی داوا لەوەزارەتی پەروەردە کراوە کەقەرەبووی قوتابیان بکرێتەوەو زەرەرمەند نەبن.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا دۆخی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان بەگشتی و دیاریکردنی کاتێکی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لەزانکۆو پەیمانگه‌کانی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆى لەباره‌وه‌ كراو بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاردرا ھەماھەنگیی تەواو بکرێت لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان.