Skip to the content
Menu

لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی تاوتوێی چەند پرسێک دەکات

دوێنێ شەو ٨/٩/٢٠٢٠ لیژنەی پەیوەندیەکان و ڕەوەندی کوردستانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە رێگایی ڤیدیو کۆنفرانس ئەنجامدا. کۆبوونەوەکە بەسەر پەرشتی د ڕێبوار بابکەی سەرۆکی لیژنە و بریاردەری لیژنە و ئەندام و ڕاوێژکارانی لیژنە بەرێوە چوو.

سەرەتا لەلایەن بریاردەری لیژنە ڕاپۆرتی کۆتا کۆبوونەوەی لیژنە خوێندرایەوە، دواتر گفتوگۆکرا لە سەرچەند پرسێک لەوانە ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەرووی ھاوڵاتیان و دانیشتوانی ئەوروپا دەبنەوە لە دەروزەی سنوری ئیبراھیم خەلیل، دواتر گفتۆکرا لە سەر ڕەشنوسی یاسایی ڕەوەندی کوردستانی بە مەبەستی بە پرۆژوکردنی ڕەشنوسەکە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا لیژنە بریاریدا لەبارەی تەوەری یەکەم، نوسراوێک لە ڕێگایی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ بکرێت، بەمەستی کەمکردنەوەی ئەو برە پارەیەی لە ھاوڵاتیانی کوردستان وەردەگرێت بۆ ٥٠٪‏ ، لەھەمان کاتدا گرتنەبەری رێ وشوێنی پێویست بۆبەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، ھەروەھا ڕێکخستنی زیاتر بۆ ھاتن و چوونی ھاوڵاتیانی بیانی و ھەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ ئەوەی ھەست بە رێزی زیاتر بکەن لەکاتی پێشوازی و ڕاییکردنی مامەڵەکانیان لەکاتی گەرانەوەیان بۆ کوردستان، ھەروەھا لیژنە بریاریدا لە گفتوگۆی بەردەوام دابن لەگەڵ لایەنەکانی پەیوەندیدار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و گەشتیارانی بیانی لەخاڵە سنوریەکان. لەبارەی تەوەری دووەم کە تایبەت بوو بەرەشنوسی یاسای رەوەندی کوردستانی، لیژنە بریاریدا لە وەرزی نوێی یاساداناندا، ئەم ڕەشنووسە بکاتە پێشنیازی یاسایی و ئامادەکاری بکات بۆ پێشکەشکردن، و ڕێکارە تەشریعیەکان بگرێتە بەر بە مەبەستی بە یاسایی بوونی، بۆئەوەی بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.