Skip to the content
Menu

لیژنەی ڕۆشنبیری گفتوگۆ له‌باره‌ى چەند پێشنیازەیاسایەک دەکات

ئێوارەی ڕۆژى شەمە 2020/8/8، لیژنه‌ى ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وه‌رزش و لاوان له‌په‌رله‌مانی كوردستان بەسەرپەرشتیی سەلمە فاتح سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی بڕیاردەرو ژماره‌یه‌ك له‌ئەندامانی و راوێژكارانی لیژنەكه‌ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لەکۆبوونەوەکەدا کەلەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە ئەنجامدرا گفتوکرا لەسەر ھەردوو پێشنیازەیاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوارو کەلەپوور لەھەرێمی کوردستان و پێشنیازەیاسای ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی لەھەرێمی کوردستان، کە لەدانیشتنەکانی ڕابردووی پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ کراوەو ئاراستەی لیژنەی ڕۆشنبیری کراون بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرت بۆئەوەی خوێندنەوەی دووەمیان بۆ بکرێت.
دوای گفتوگۆی نێوان ئەندامان و وەرگرتنی ڕاو سەرنجی بەشداربووان بڕیاردرا لیژنەیەکی لاوەکی پێکبھێندرێت و لەئایندەیەکی نزیکدا ڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر پێشنیازەیاسای پاراستنی شوێنەوار ئامادە بکەن و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکەن.
سەبارەت بەڕاپۆرتی پێشنیازەیاسای ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی بڕیاردرا بەنوسراوێک داوا لەسەرۆکایەتیی په‌رله‌مان بکرێت کاتی زیاتریان پێبدرێت بۆئەوەی ڕای شارەزایان و پسپۆڕان و مامۆستایانی زانکۆی بۆ وەربگیرێت و سوود لەئەزموونی یاسا ھاوشێوەکانی وڵاتان وەربگیرێت و زیاتر دەوڵەمەند بکرێت و ئەوکات ڕاپۆرتەکە ئامادە بکەن و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکەن.