Skip to the content
Menu

پەیامی لێژنەی کاروباری شەهیدان لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکان

پەیامی لێژنەی کاروباری شەهیدان وقوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان لەلایەن تاریکپەرستانی داعش، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان

لەڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ، لە ٣/٨/٢٠١٤ لەلایەن تاریکپەرستانەوە، بە دڕندەترین شێوە هێرش کرایە سەر خوشک وبرایانی ئێزیدی لەشەنگال و دەوروبەری، و بە سەدان هاوڵاتی بێ تاوانیان گولەباران و زیندەبەچاڵ و ئاوارە کرد، و بە هەزاران کچ و ئافرەتی ئێزیدییان وەکو بارمتە برد. ئەم تاوانەی تیرۆریستانی داعش هاوشێوەی تاوانەکانیتریان، بەبەرچاوی سەرجەم کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ئەنجامدراو، و بە یەکێک لە تاوانە قێزەونەکانی سەدەی بیست و یەک دادەنرێت، و برینێکی بەسوێیە لە جەستەی کوردستان.

لێرەوە جێگەی خۆیەتی سوپاسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەین، کە بەهاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان توانیان ئەفسانەی داعش تێکبشکێنن، و شەنگال و تەواوی ناوچەکانیتر لەژێر دەستی ئەو تیرۆریستانە دەربهێنن، هاوکات داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین، هەرچی زووە تاوانباران بدرێنە دادگا و قەرەبووی ئەو ناوچانە بکاتەوە، بۆئەوەی جارێکیتر ئاوەدانی و ژیان ڕوو لەشەنگال و دەوروبەری بکاتەوە.

لە کۆتاییدا سڵاو دەنێرین بۆ ڕوحی شەهیدانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە، هیوادارین بە زووترین کات هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ دۆزینەوەی ونبووانی ئەو کارەساتە و گەڕانەوەیان بۆ ناو خانەوادەکانیان.

لێژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان

٣/٨/٢٠٢٠