Skip to the content
Menu

بۆ بەدواداچوون لەسەر رووداوەكان، لیژنەیەكی پەرلەمان سەردانی پارێزگای سلێمانی دەكات

بۆ بەدواداچوون و لەنزیگەوە ئاگاداربوون لەم رووداوانەی چەند رۆژی رابردووی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین، پێشنیوەڕۆی ئەمڕِۆ دوو شەممە 2020/12/14، لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ، بەسەرپەرشتیی رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا لیژنەكە تاوتوێی رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینی كرد، كە بەهۆی خۆپیشاندانەكان چەند هاوڵاتیەك و پاسەوانی بارەگای حزبی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، جگە لەمەش چەندین بارەگای حزبی و دامودەزگای حكومی سوتێندران.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا، هەنگاوەكانی چارەسەركردنی تەندروستی زیاتر لە (10) سزادراو لە چاكسازی گەورانی هەولێر لەرێگەی حەسیبە گەردی ئەندامی لیژنەكە بەهەماهەنگی وەزارەتی تەندروستی خرایەڕوو. لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، لیژنەكە داوای لەسەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كرد كە وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی لیژنەكە بكات، بەمەبەستی تاوتوێكردنی ئەو كێشەو گرفتانەی پەیوەستن بەوەزارەتی ناوخۆ بۆ چارەسەركردنیان.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا، لەسەر داوای دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی هاوبەش پێكهێندرا، لەنێوان لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ لەگەڵ لیژنەی ناوخۆ، بەمەبەستی سەردانیكردنی سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ بەدواداچوونی ئەو كێشانەی كەروویاندا.

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا، بڕیاردرا هەفتەی داهاتوو لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرەكانی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.