Skip to the content
Menu

لەسەر شایستە داراییەكانی جوتیاران لیژنەی كشتوكاڵ لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی عیراق كۆبۆوە

بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بەدواداچوون و هەوڵدان بۆ خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جوتیاران، ئەمڕۆ 9/12/2020 شاندێكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان، بەسەرۆكایەتی عەبدولستار مەجید سەرۆكی لیژنەكەو بەیاوەری سەفین ئاغا عومەر بڕیاردەری لێژنەو هەریەكە لە جەنان جەبار و عوسمان كەریم سوارە، ئەندامانی لێژنەکە، لەشاری بەغدا لەگەڵ محەمەد كەریم خەفاجی وەزیری كشتوكاڵی عیراق كۆبوونەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری پەرلەمانی كوردستان داوایان لە وەزیری كشتوكاڵی عیراق كرد هەوڵەكانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵەكانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ . لیژنەكە داوای ئەوەشی لە وەزیری كشتوكاڵی عیراق كرد، كە بڕی ئەو گەنمە زیاتر بكەن كە ساڵانە لە جوتیارانی هەرێمی كوردستانی دەكڕنەوە و چۆن پشتیوانی لە جوتیارانی عیراق دەكەن، بەهەمان شێوەش پاڵپشتی لە جوتیارانی هەرێمی كوردستان بكەن.

جێگای ئاماژە بۆ كردنە وابڕیارە، شاندەكەی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ هەریەكە لە سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كۆببنەوە، بۆ هەمان مەبەستی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی جوتیارانی هەرێم لەگەڵ عیراق، لیژنەكە و سەردانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بكات.