Skip to the content
Menu

لیژنەی ئاوەدانکردنەوەو وەبەرھێنان به‌دواداچوون بۆ پڕۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كان ده‌كات

بەمەبه‌ستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی تایبەت بەکاری لیژنەكه‌، ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/12/23، لیژنەی ئاوەدانکردنەوەو وەبەرھێنان، بەسەرپەرشتیی ھاوڕێ مەلا ستار سەرۆکى لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانى لیژنه‌كه‌ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆى ئه‌نجامدا.
لەدەستپێکی کۆبوونەوەكه‌ خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو ڕاپۆرت و نوسراو و داواکارییانە کرا کە ئاراستەی لیژنەكه‌ کرابوون، دوای گفتوگۆکردنیان ئەوانەی پێویستییان بەوەڵامدانەوە هه‌بوو وەڵامدرانه‌وه‌، ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کاری پێویست.
تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەكه‌ قسەکردن بوو لەسەر ئەو ڕاپۆرتەی کەڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ ئامادەیان کردبوو بۆ وەرزی نوێی کارکردنی لیژنەكه‌، دوای خستنەڕووی ڕاپۆرتەکە، لەلایەن ئەندامانی لیژنەكه‌وه‌ گفتوگۆی لەسه‌رکراو ھەریەکەیان ڕاو سەرنجی خۆی له‌باره‌یه‌وه‌ خستەروو.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس لەو ڕێگاوبانانە کرا کەتائێستا كاركردن تێیاندا تەواونەبووه‌، وەک ڕێگای نێوان کفری و کەلارو کفری و دەربەندیخان، ھەروەھا پڕۆژه‌ی یەکەکانی نیشتەجێبوون کە تائێستا تەواونەكراون، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنە بریاریدا بەدواداچوونی زیاتریان بۆ بکات بۆئه‌وه‌ى ھەرچی زووە ئه‌و پڕۆژانه‌ ته‌واو بکرێن.
لەکۆتایی کۆبوونەوەكه‌شدا بریاردرا بەمنزیکانە بانگھێشتی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو سەرۆکى دەستەی وەبەرھێنان بكرێت بۆ لیژنەكه‌.