Skip to the content
Menu

لیژنەی پێشمەرگە پلان و بەرنامە بۆ ساڵی نوێ و وەرزی نوێ دادەنێت

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 2020/12/22، لیژنەی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرپه‌رشتیی رێڤینگ هروری سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژکارانی لیژنەكه‌ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس ئەنجامدا.
سەرەتا سوپاس و دەستخۆشیی بەڕێز جێگری سەرۆکی پەرلەمان کەئاراستەی لیژنەكه‌ کرابوو بۆ ئەندامان خرایەڕوو لەسەر بابەتی بەچاپگەیاندنی بڵاوکراوەی کارو چالاکییەکانی لیژنەكه‌، کە بۆ بینین بەستەری ئەم کارو جالاکییانە لەم لینکەی خوارەوە بەشێوەی پی دی ئێف (PDF) دەتوانن ببینن.
هەروەها بۆ پلانی کاری داهاتوو گفتوگۆکرا لەسەر بەدواداچوون بۆ بابەتی خانەنشینیی هێزەکانی پێشمەرگە، لەلایەکی تر پێشنیاز کرا کە لەوەرزی نوێدا هەوڵبدرێت کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان تایبەت بکرێت بەدۆخی ژیان و گوزه‌رانی پێشمەرگەو کێشەو گرفتەکانیان و بابەتی یەکگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە.
زۆربەی ئەندامان داوایانکرد کەپێویستە جدیتر بین لەبەدواداچوونەکان بۆئەوەی بتوانین بەبەرهەم و کردارەوە خزمەتی هێزەکانی پێشمەرگە بکەین.
هەروەها بۆ وەرزی زستان بڕیاردرا کەسەردان هەبێت بۆ میحوەرەکان و بەدواداچوونی پێداویستییە گرنگەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەنگەرەکاندا.
تەوەری کۆتایی کۆبوونەوەکە تایبه‌ت بوو به‌هەڵسەنگاندنی کارو چالاکییەکانی پێنج مانگی لیژنەكه‌ لەساڵی دووەمی خولی پاییزە کە لە ١/٨/٢٠٢٠ تا 2020/12/24، ئەنجامیدابوو، کەنزیکەی ٣٢ کارو چالاکی بووە، بەشێوەیەک کە لیژنەکە لەم پێنچ مانگەدا (١٠) کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجامداوە لەسەر بابەتی جیاوازو نزیکەی (۲۲) سەردان و بەدواداچوونی مەیدانیی هەبووەو (٤) جار پێشوازی و کۆبوونەوەی هەبووە لەگەڵ رێکخراو و دەزگا فەرمی و نافەرمییەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داواکارییەکانیان، هەروەها سەرجەم ئەو نوسراوانەی کە لەسەرۆکایەتیی پەرلەمان ئاراستەی لیژنەكه‌ کراون وەڵامدراوەتەوە.
جێگه‌ی سەرنجە کەزۆربەی سەردان و بەدواداچوون و چالاکییەکانی لیژنەكه‌ بەشێوەی لیژنەیی بووە کەنوێنەری زۆربەی فراکسیۆنەکانی تێدا بووە.
ئەمەش فایلی کارو چالاکییەکانی لیژنەی کاروباری پێشمەرگەیه‌:

کاروچالاکییەکانی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان-عیراق