Skip to the content

لیژنه‌ی شاره‌وانى بەدواداچوون بۆ کێشەی دانیشتوانى گوندی کۆری لەھەولێر ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی كێشه‌و داواكارییه‌كانی دانیشتوانی گوندى كۆرى له‌شارى هه‌ولێر كه‌ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 2020/12/20، ژماره‌یه‌ك له‌دانیشتوانی گونده‌كه‌‌ سه‌ردانی لیژنه‌ى شاره‌وانیی په‌رله‌مانیان كردبوو و یاداشتێكیان سه‌باره‌ت به‌كێشه‌و داواكارییه‌كانیان دابووه‌ لیژنه‌كه‌، پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2020/12/24، شاندێکى لیژنەی شارەوانی گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزار، کەپێکھاتبوو لە لوقمان وەردی سەرۆکی لیژنەو د.زێدان برادۆستی و د.محێدین حه‌سه‌ن ئەندامانی لیژنەكه‌، سەردانی سەرۆکایه‌تیی شارەوانی ھەولێرو بەرێوەبەرایه‌تیی گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێرو سەرۆکایه‌تیی شارەوانی دووی ھەولێرى کرد.
شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان لەدیداره‌كانیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێرو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنان و سه‌رۆكی شاره‌وانیی دووى هه‌ولێر، داواكارییه‌كانی دانیشتوانی گۆندى كۆری-یان پێگه‌یاندن و باسیان له‌كێشه‌و داواكارییه‌كانیان كردو جەختیان له‌سه‌ر پێویستیی جێبەجێکردنی تەواوی داواکارییه‌كان كرده‌وه‌و
بریاردرا دەسکاریی رێگەی دەروازەی گوندی کۆری نەکرێت بەئاراستەی شه‌قامی 150 مەتری وەک خۆی تایبەت دەبێت بەھاتووچۆی ھاووڵاتییانی گوندی کۆری، ئەم رێگەیە ناخرێتە سەر پڕۆژەی گوندی ئیسپانی.
سەبارەت بەھەردوو بیری ئاو خواردنەوەی گوندی کۆری، ئه‌ویش وەک خۆی پارێزگارییان لێبکرێت و تایبەت دەبن بەگوندی کۆری، بۆ رووبەری سەوزایی لەدوو ھەفتەی داھاتوو بەھەماھەنگی ھەردوولا مه‌ساحه‌ی رووبەری سەوزایی چارەسەر بکرێت.
هه‌روه‌ها جەخت له‌سه‌ر پێویستیى راگرتنی کارکردن لەو بەشەی پڕۆژه‌ی گوندی ئیسپانی كرایه‌وه‌ کەئێستا کێشەی لەسەرەو تاکێشەی ھاووڵاتییانی گوندی کۆری چارەسەر دەکرێت.