Skip to the content
Menu

لیژنەی كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌مافی مرۆڤ بانگهێشتی بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاكسازییەكان له‌هەرێم دەكات

بەمەبەستی تاووتوێكردنی یاسای ماف و ئیمتیازی كه‌مئه‌ندامان و خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت و ڕەوشی سزادراوان لەچاكسازییەكانی هەرێم و بەدواداچوون بۆ ئەو كەسانەی لەماوەی رابردوودا لەسنووری پارێزگای دهۆك دەستگیركراون، پێشنیوەڕۆی ئەمڕِۆ سێشەممە 2020/12/1، لیژنەی كاروباری كۆمەڵاَیەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ، بەسەرپەرشتیی رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە كۆبووەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا تاووتوێی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت كراو لیژنەكە بەگرنگی زانی پڕۆژەهەمواری یاسایەك ئامادە بكات بەگفتوگۆو راوێژكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا باس له‌سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كانی لیژنه‌كه‌ بۆ چاكسازییه‌كان كراو كێشەو گرفتەكانی خه‌ڵك و ڕه‌وشی چاكسازییەكان تاووتوێ كراو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لیژنە بڕیاریدا بانگهێشتی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاكسازییەكان له‌هەرێم بكات بۆ لەنزیكەوه‌ ئاگاداربوون و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانیان.
لەبەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر هۆكارەكانی دەستگیركردن و چۆنیەتیی مامەڵەكردن له‌گه‌ڵ ده‌ستكیركراوه‌كان لەچوارچێوەی مافەكانی مرۆڤ بۆ ئەو چالاكوان و رۆژنامەنووس و هاووڵاتییانەى كە لەماوەی رابردوودا لەسنووری پارێزگای دهۆك دەستگیركراون.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا لیژنە بڕیاریدا سەردانی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم و داواكاری گشتی بكات، بەمەبەستی گەیاندنی كێشەو گرفتی ئەو زیندانییانەی لەڕووی یاساییەوە كێشەو گرفتیان هەیە.