Skip to the content
Menu

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازيی لە سەرپەرشتیاری پلاتفۆڕمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان کرد

نیوەڕۆی ئەمڕۆ 2020/12/21، د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازيی لە د.ئاڤێستا کەمال سەرپەرشتیاری پلاتفۆڕمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان کرد.

لەدیدارێکدا کە بەڕێوەبەری پلاتفۆرم و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی پلاتفۆڕمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان ئامادەیبوون، باسی ھەلومەرجی سیاسی و ئابووری ئێستای کوردستان و عێراق کرا، د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند:" لە ئێستادا کوردستان و عێراق بە قۆناغێکی ھەستیار و ناسەقامگیردا تێدەپەڕن، خەڵکی کوردستان و عێراق لە نێو دڵەڕاوکێیی ئەم ناسەقامگیرییەدا ژیان دەکەن، بۆیە دەبێت لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەم ھەلو مەرجە لەبەرچاو بگیرێت. ئەوە ڕاستیەکی حاشا ھەڵنەگرە کە لە ئێستادا ھاوڵاتیان لە دەربڕینی ناڕەزایەتی بترازێت ھیچ ئامرازێکی تر بەدی ناکەن بۆ گەیاندنی ویست و داخوازییە ڕەواکانیان، ئومێدەوارین لە زووترین دەرفەتدا ئەم دۆخە نەخوازراو و ناھەموارە پڕ لە قەیرانە تێپەڕێت" لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە وردی باسی کاری پەرلەمانی و ئەرکەکانی پەرلەمانتار و ، جیاوازی ئەم خولەو خولەکانی پێشووتری پەرلەمانی کرد و تیشکی خستە سەر چەندین لایەنی گرینگی دەرچواندنی یاساکان لە پەرلەمانی کوردستان.

لای خۆیانەوە سەرپەرشتیارو ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی پلاتفۆڕمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان چەندین ڕاو سەرنجی بەنرخیان لەبارەی پەرەپێدانی ھۆشیاری یاسایی لە لای ھاوڵاتیان و گرینگیدان بە کلتور و بنەماکانی دیموکراسی و نیشتمانسازی خستەڕوو.