Skip to the content
Menu

لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم چەند پرسێکی تاووتوێ کرد

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەمە 2020/2/26، لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم له‌ په‌رله‌مانى كوردستان بەسەرپەرشتیی جوان ڕۆژبەیانی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكه‌ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی لیژنە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نوێنەرانی حزبە کوردستانییەکانی کەرکوکى بۆ ئەندامانی لیژنەكه‌ خستەڕوو کەسەرەتای ئەم ھەفتەیە ئەنجامدراو وەک سەرۆکی لیژنە بەشداریی تێدا کردبوو و ئاماژەی بەوەکرد کە لەم کۆبوونەوەیە کۆمەڵێک ڕاسپاردە گەڵاڵەکراون و ئاراستەی ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی کوردستان دەکرێن بەمەبه‌ستی کار لەسەرکردن و ئاگاداربوون.
لەبەشێکی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌و نوسراوو سكاڵاو داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆی ئه‌ندامان كاری پێویستیان له‌سه‌ركراو ئه‌وانه‌ی پێویستیان به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدارکران بەمەبەستی بەدواداچوون و چارەسەرکردنیان.
تەوەرێکی دیكه‌ى کۆبوونەوەکە تایبەت بوو به‌باسکردن لەدۆخی ژیانی ھاووڵاتییانی دانیشتووی سنووری مادەی ١٤٠ لەڕووی سیاسی و کارگێڕی و خزمەتگوزاری و ئەمنی و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاردرا لەئایندەدا ئەندامانی لیژنەكه‌ سەردانی شارو شارۆچکەو گوندەکانی ئەم سنوورانە بکەن بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەدۆخی ئەم ناوچانە.