Skip to the content
Menu

لیژنەیەکی هاوبەشی پەرلەمان بۆ بەدواداچوون لەسەر کەیسی مجید برایم هەرووتی دەستی بە لێکۆڵینەوەی مەیدانی کرد

 لیژنەیەکی هاوبەشی پەرلەمان کە لە هەردوو لیژنەی کاروباری پێشمەرگە و لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ پێکهاتبوون، ئەمڕۆ ۲۱/۱/۲۰۲۰ بە سەرۆکایەتی عوسمان سێدەری و بەیاوەری ئەندامانی لیژنەکە، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا و گفتوگۆیان لەسەر کەیسی مجید برایم هەرووتی کرد.

دواتر لەسەردانێکی مەیدانیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش لەگەڵ عسمەت ئەرگوشی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی کەیسەکەوە ئەنجامدا و پرسیارەکانیان وەڵام درایەوە.

هەر ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و دادوەری لێکۆڵەری داد و ئەفسەرانی پەیوەندیدار بە دۆسییەکە کۆبوونەوە بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر کەیسەکە، پاشان لەگەڵ بەڕێوەبەری بەندینخانەکە کۆبوونەوە و لە نزیکەوە سەردانی شوێنی رووداوەکەیان کرد.

دوابەدوای کۆبوونەوە و سەردانە مەیدانیەکان لێژنە هاوبەشەکەی پەرلەمان بڕیاریدا لەرۆژانی داهاتووشدا بەدواداچوون لەسەر ئەم کەیسە بەردەوام بکەن و چاودێری لەسەر ئەنجامی بەدواداچوونەکانی دادگا بکەن، دوای تەواو بوونی بەدواداچوونەکە بە راپۆرتێک ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکەن .