Skip to the content
Menu

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی موریدان و پەیڕەوکارانی تە‌ریقە‌تی قادری کەسنەزانی و ساداتی بەرزنجە لە کوردستان و جیھان کرد

بۆکۆچیدوایی شێخ محەمەدی شێخ عەبدولکەریمی کەسنەزانی رابەری تەریقەتی قادری کەسنەزانی لە هەموو جیهان، د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی موریدان و پەیڕەوکارانی تە‌ریقە‌تی قادری کەسنەزانی و ساداتی بەرزنجە لە کوردستان و جیھان کرد، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

بەڕێز شێخ نەھرۆ شێخ محەمەد شێخ عەبدولکەریمی کەسنەزانی.

بەڕێزان بنەماڵەو کەسوکاری خوالێخۆشبوو مامۆستا شێخ محمدی كە‌سنە‌زانی.

بە‌ڕێزان موریدان و پەیڕەوکارانی تە‌ریقە‌تی قادری کەسنەزانی و ساداتی بەرزنجە لە کوردستان و جیھان.

زۆر بەداخەوە ھەواڵی کۆچی دوایی جەنابی (شێخ محەمەدی شێخ عەبدولکەریمی کەسنەزانی) ڕابەری تەریقەتی قادری کەسنەزانی لە ھەموو جیھان ـ مان پێگەیشت.

مامۆستا، وەک خوداناسێکی گەورە و ئاین پەروەری جیھانی، خاوەن پێگەیەکی ئاینی و ڕۆحی فراوانی موریدان و پەیڕەوکارانی تەریقەتی قادری بوو لە ھەموو جیھاندا.

لە ماوەی ژیانیدا، ڕۆڵێکی یەکجار کاریگەر و بەرچاوی بینیوە لە بەرقەراربوونی ئاشتی کۆمەڵایەتی و، ئاڕاستەکردن و ھاندانی مرۆڤایەتی بەرەو کاری چاکە خوازی، ژیانئاوایی یەکجارەکی مامۆستا شێخ محەمەدی کەسنەزانی بۆشاییەکی گەورەی لە لای موریدانی و کۆمەڵگای کوردەواریمان بەجێھێشت، داواکارین لە خوای گەورە ئارامی و سەبووری بە ھەموو لایەک ببەخشێت و، خوالێخۆشبووش بە بەھشتی بەرینی خۆی شاد بکات.

"انا للە وانا الیە راجعون"

د. ڕێواز فایەق

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

٤/٧/٢٠٢٠