Skip to the content
Menu

لیژنەی دەستپاکی سەردانی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکیان لەشاری هەولێر کرد

 پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢/٧/٢٠٢٠ شاندێکی لیژنەی دەستپاکی بەسەرۆکایەتی سعید ھەرکی جێگری سەرۆکی لیژنەو بەیاوەری ژمارەیەک لەئەندامانی لیژنەکە سەردانی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکیان لە شاری هەولێر کرد.

ئامانجی سەردانەکە بۆئاگاداربوون بوو لەھۆکاری داخستنی مەلەفی ئەو پێنج ملێون دۆلارەی کە بۆ ھەولێر تەرخان کرا بوو وەک پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی، وێڕای ھەبوونی تێبینی و سەرنج و سکاڵا ،بەڵام مەلەفەکە داخراوە و لیژنەی دەستپاکیش بەردەوامە لەبەدواداچوون بۆ زانینی ھۆکاری داخستنی مەلەفەکە.

لەلایەن خۆیانەوە ئەندامانی لیژنە ئاماژەیان بەوە کرد کەناڕوونی و بەھەدەردانێکی زۆرھەیە لەشێوازی سەرفکردنی پارەکە و پێویستی بەلێکۆڵینەوەی ورد ھەیە، لەبەرامبەردا سەرۆکی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی، وێڕای دەستخۆشی بۆئەندامانی لیژنە، کە بەوردی چاودێری پرسەکانی تایبەت بەگەندەڵی دەکەن ، لەھەمان کاتدا ئامادەیی نیشاندا کە کۆی گشتی پرسیارو سەرنجەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا بە نوسراوێکی فەرمی ئاراستەی لیژنەی دەستپاکی بکەن، بۆ بەرچاو ڕوونی و ئاگاداربوون و بەڵێنی ھەماھەنگی و ھاوکارییان بە لیژنەکەدا بۆ کەمکردنەوە و بنبڕکردنی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان.