Skip to the content
Menu

لیژنەی دەسپاکی راپۆرت له‌سه‌ر راپۆرتی ساڵانه‌ی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی ئاماده‌ ده‌كات

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە 2020/7/20، لیژنەی دەسپاکی له‌په‌رله‌مانى كوردستان بەسەرپەرشتیی شیرین ئەمین سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ژمارەیەک لەئەندامانی و راوێژكارانی لیژنەكه‌ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداو چەند پرسێكی تاووتوێ کرد.
لەکۆبوونەوەکەدا کە لەھۆڵی لیژنە بەڕێوەچوو، بڕیاردرا ڕاپۆرتێک لەسەر ڕاپۆرتی ساڵانەی دەستەی دەسپاکی ئامادە بکرێت و پەرلەمانتارانی لیژنە سەرنج و تێبینییەکانیان لەسەر ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٩ی دەستەکە بخەنەڕوو و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ىبکەن بۆ ئاگاداری و کاری پێویست.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا لیژنەیەکی لاوەکی پێکبھێندرێت بۆ سەردانیكردنی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەسپاکیی ھەولێرو بەدواداچوون بکات لەسەر ھۆکاری داخستنی دۆسییه‌ی ئەو پێنج ملێون دۆلارەی کەبۆ ھەولێر تەرخان کرابوو وەک پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەڕەبی.
لەکۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو و سكاڵاو یاداشتانه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌ندامان و لیژنه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆی نێوان ئه‌ندامان بڕیاری پێویستیان له‌باره‌وه‌ دراو ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداركران به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنیان.