Skip to the content
Menu

لیژنەی دەسپاکی لەگەڵ سەرۆکی دەستەی دەسپاکیی ھەرێم کوبووەوە

نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەمە 2020/7/19، لیژنەی دەسپاکی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بەسەرپه‌شتیی شیرین ئەمین سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئەندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌ پێشوازیى له‌ د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سەرۆکی دەستەی دەسپاکیی ھەرێمی کوردستان كرد .
‎لەکۆبوونەوەکەدا کە لەھۆڵی لیژنەو لەسەر داوای لیژنەى ده‌سپاكیى په‌رله‌مان ڕێکخرابوو گفتوگۆ کرا لەسەر ڕاپۆرتی ساڵانەی دەستەی دەستپاکی بەتایبەتی ڕاپۆرتی ساڵی 2019 و ئەندامانی لیژنە سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان خستەڕوو.
‎تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەبابەتی ئه‌و پێنج ملێون دۆلاره‌ى کە بۆ ھەولێر دابین کرابوو وەک پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ساڵی 2014 دا، کە لەماوەی ڕابردوودا کۆمەڵێک سەرنج و تێبینی لەسەر شێوازو چۆنیەتیی سەرفکردنی ئەم بڕه‌ پاره‌یه‌ هه‌بووه‌، بەڵام لەلایەن دەستەی دەسپاکییەوە ئەو دۆسییەیه‌ داخراوە لەدانیشتنەکە لەلایەن بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی دەستەی دەسپاکی لەھەولێر گفتوگۆکرا لەسەر ھۆکاری داخستنی ئەو کەیسە، بۆیە لیژنە بڕیارە لەکۆبوونەوەی داھاتوودا بڕیارو ڕاسپاردە ئاراستەی دەستەی دەسپاکی بکات، ھەر لەم ڕوانگەیەوە بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە ئامادەیی نیشاندا وردەکاریی نێو دۆسییەکە بخاتەڕوو.
‎لەکۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا چەند پرسێکی پەیوەندیدار بەگەندەڵی و بەھەدەردانی سامانی وڵات و پڕۆژەی چاکسازی گفتوگۆیان لەسەر کراو جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە كه‌دەبێت ھەموو لایەک ھاوکار بن بۆ کەمکردنەوەو نەھێشتنی گەندەڵی لەھەرێمی کوردستاندا.