Skip to the content
Menu

لیژنەی پەرورەردە بەردەوامە لە بەدواداچوونەکانی تایبەت بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢/٧/٢٠٢٠ ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەی پەروردە و خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی کوردستان، کە پێکھاتبوون لە پەرلەمانتاران ڕاھی راھبەر و ئاشنا عبداللە و شەمۆل ئاشتی سەردانی زانکۆی ئەمریکیان کرد لە سلێمانی.

ئامانجی سەردانەکە بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون بوو لە ئیش و کارەکانی زانکۆ و ڕێژەی پابەندیەکانی ئەم زانکۆیە بەبڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەتایبەت لە سەر پرسی کرێی خوێندن کە بە بڕیاری وەزارەت داشکاندن کراوە بۆ ئەمساڵێ خوێندن، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی زانکۆکە ئەم پرسانە تاوتوێکران و ستافی زانکۆکە جەختیان لەوە کردووە کە پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کاتی دەرکردنی ڕێنمایەکان جیاوازی بکات لە نێوان زانکۆ نێودەوڵەتیە قازانج نەویستەکان و زانکۆ تایبەتەکانی تر.

لیژنە پەروەردە لەپەرلەمانی کوردستان زنجیرەیەک سەردان وبەسەرکردنەوەی ئەنجامداوە و بەردەوامە لەسەر بەدواداچونەکانی خۆی بۆ بەرجەستەکردنی کەشێکی ئارام لە زانکۆ و پەیمانگاکان و ناوەندەکانی خوێندن و دروستکردنی دادپەروەری سەبارەت بە کرێ ساڵانەی خوێندن .