Skip to the content
Menu

لیژنەی پەروەردە لەنزیکەوە چاودێریی پرۆسەی تاقیکردنەوەی کۆتایی پۆلى 12ی ئامادەیی دەکات

بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی پۆلی 12ی ئامادەیی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەمە 2020/7/11، شاندێکی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستی لەپەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی عبدالسلام دۆڵەمەڕی سەرۆکی لیژنەو ئه‌ندامیه‌تیی ژمارەیەک له‌ئەندامانی و راوێژكارى لیژنه‌كه‌ سەردانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکانی ھەرێمی کرد.
لەدانیشتنێکدا لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکە گفتوگۆ کرا لەسەر ئامادەکارییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوو ھۆڵەکانی خوێندن و ئامێری فێنککەرەوەو دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆئەوەی قوتابیان بەدەروونێکی ئاسوودەوە تاقیکردنەوەکان ئەنجام بدەن، ھەروەھا لیژنەی پەروه‌ردە داوایانکرد تەواوی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بۆ دووربوون لەنەخۆشیی کۆڕۆنا جێبەجێ بکرێت، ئەوەش لەپێناو سەلامەتیی قوتابیان و مامۆستایان و جەختیان لەوە کردووە کەئەندامانی لیژنە لەناوچەکانی خۆیان چاودێریی پرۆسەکە دەکەن و کێشەو کەموکوڕییەکان بۆ وەزارەت دەخەنەڕوو بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان.
لەساڵانی ڕابردوو تاقیکرنەوەکان لەکاتێکی زووتر ئەنجام دەدران، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا لەھەرێمی کوردستان گرفت بۆ پرۆسەی خوێندن دروست بوو و ماوەیەکی زۆر پرۆسەی خوێندن پەکی کەوت و قوتابیان تەنھا لەم مادانە تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدەن کەخوێندوویانە.

لەلایەکیترەوە هەر ئەمڕۆ بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی پۆلی ١٢ ی ئامادەیی شاندی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی کوردستان  سەردانی بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی ھەولێریان کرد.

لە سەردانەکەیاندا لەگەڵ بەڕێوەبەر و ستافی کارگێڕی پەروەردەی ھەولێر کۆبونەوە و تاوتوێی پرۆسەی تاقیکردنەوەی کۆتایی پۆلی ١٢ ی ئامادەیان کرد.

لەسەرتادا بەرپرسانی پەروەردە ژمارەی قوتابیان و ژمارەی ھۆڵەکانی تاقیکردنەوە و پێداویستیەکان و ئامادەکاریەکانی پەروەردەی ھەولێریان بۆ لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا خستەڕوو، دواتر سەرۆکی لیژنە و ئەندامان پرسیار و سەرەنجەکانیان لەسەر پرۆسەکە خستە ڕوو، و دەستخۆشیان لەئامادەکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەند لە هەولێر کرد، و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ پرۆسەکە بە گشتی و قوتابیان بەتایبەتی خواست، ئامادەی خۆشیان دەربڕی بۆ ئەنجامدانی ھەر کارێک کەخزمەت بەپرۆسەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان بکات، هاوکات ڕایانگەیاند کە بەوردی چاودێری پرۆسەکە دەکەن تا کۆتای ھاتنی تاقیکردنەوەکان، هەروەها داوایان کرد کە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەباشی جێبەجێ بکەن.

بڕیارە لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان لە چەند ڕۆژی داھاتوو، درێژە بەسەردانەکانیان بۆ پەروەردەکانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان و قەزاکان بدەن و لە پێناو ڕەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ قوتابیان چاودێری پرۆسەی تاقیکردنەوەکان بکەن .